پەرلەمانتارێکی گۆڕان دەست لەکار کێشانەوەی لە بزووتنەوەکە ڕاگەیاند
مەسعود حەیدەر لە نامەیەکدا، نووسیویەتی: "دوای دیراسەکردنی چوار ساڵ کارکردنم لە پەرلەمانی عێراق و وەزعی ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان و نەھج و سیاسەتی بزووتنەوەکە و دوای نۆ ساڵ خەباتکردن لەڕێگەی بزووتنەوەی گۆڕانەوە بۆ میللەتەکەم، گەیشتمە ئەو باوەڕەی کە دەست لەکار بکێشمەوە لە بزووتنەوەی گۆڕان وەکوو حزب و وەکوو فراکسیۆن".
لە بەشێکی دیکەی نامەی دەست لەکار کێشانەوەکەی مەسعود حەیدەردا ھاتووە، ئەو دوو مانگ و نیوەی ماوە لەم خولەی پەرلەمان، وەکوو کوردێکی بێلایەن لە پەرلەماندا دەمێنێتەوە. دەشڵێت: ”ھۆکارەکان زۆرن بۆ گەیشتنم بەم قەناعەتە و لەکاتی گونجاو بۆ بەرێزتانی روون دەکەمەوە".
هەر لە نامەکەیدا ئەو پەرلەمانتارە دەست لەکار کێشاوەی گۆڕان ئاشکرای کردووە، لەگەڵ ”هاوڕێ کوردەکانم لە پەرلەمان“، وەکو ئەرکێکی نیشتمانی، ئەخلاقی، نەتەوەیی، ئایینی و سیاسی، ”درێغیم نەکردووە و ئەوەی لەتوانام بووە ھەوڵم بۆی داوە بۆ بەرگری لە مافە دەستووری و یاساییەکانی کورد، ھەمیشە لە خەمی قووتی خەڵک و چارەسەرکردنی کێشەکانیان بوومە و گوێم بە حزبایەتی و ململانێ سیاسییەکانی حزبە کوردییەکان نەداوە و زۆرجار تەفسیری ھەڵەی بۆ کراوە و دوور لە گشت ئاکارێک، تۆمەت و تەشھیرم ئاراستە کراوە“.
باسنیوز
