بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر: کاندیدەکەی گۆڕان ڕاست ناکا و بانگەشە بۆ خۆی دەکا

 بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر: کاندیدەکەی گۆڕان ڕاست ناکا و بانگەشە بۆ خۆی دەکا
بەڕێوەبەری ئایاشی هەولێر، پروپاگەندەی کاندیدێکی گۆڕانی ڕەت کردەوە و ئاشکرای کرد کە لە جێگەی هەڵواسینی پۆستەر، کاندیدەکەی گۆڕان لە ڕێگەی پروپاگەندەوە بانگەشە بۆ خۆی دەکات و هۆشداریشی لە تێکەڵکردنی ئاسایش بە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دا.

دوای ئەوەی هێڤی هەیاف، کاندیدی گۆڕان بۆ پەرلەمانی عێراق، بانگەشەی ئەوەی کرد کە گوایە لەلایەن ئاسایشەوە ڕێگە لە کەسوکاری مێردەکەی گیراوە، پۆستەر هەڵبواسن و بە تەقە بڵاوەیان پێ کراوە.

د. تاریق نووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک ئەو قسەیە ڕاست نییە و ئاسایش هیچ تێکەڵی کارەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن نابێت، بەڵکوو ئەم بابەتە پەیوەندی بە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە هەیە کە پۆلیس و هاتوچۆ و شارەوانی لێی بەرپرسن. گوتیشی: ”ئاسایش تەنیا دەیەوێ ئەم مانگە هەڵمەتی هەڵبژاردن بەبێ کێشە و ئاژاوە بڕوات“.

بەرپرسە باڵاکەی ئاسایشی هەولێر ئاشکرای کرد کە ئەو کاندیدەی گۆڕان ”لە جیاتی هەڵواسینی پۆستەر، بە پروپاگەندە لە دژی ئاسایش، ڕیکلام بۆ خۆی دەکات و ئەمە هیچ ڕاست نییە“.

هۆشداریشی بە هەر لایەنێک دا کە بیانەوێ ئاسایش تێکەڵ بە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن و ئاماژەی بەوە کرد: ”ئەوانە با ئەم کارە نەکەن، ئاسایش ئەرکێکی گەورەتری لە ئەستۆیە کە دابینکردنی ئاسایشی هاووڵاتییانە تاوەکوو هەڵبژاردن لە کەشێکی ئارامدا بکرێت، بۆیە ئەگەر بیانەوێ ئاسایش تێکەڵی ئەم بابەتە بکەن، هەوڵەکەیان شکست دێنێت و ئاسایش هیچ کاتێک تێکەڵی ئەمە نابێت“.










باسنیوز
Top