52 كورد لە كوردستان خۆیان لەسەر چوار لیستی عەرەبی پاڵاوتووە

 52 كورد لە كوردستان خۆیان لەسەر چوار لیستی عەرەبی پاڵاوتووە
لەنێو ناڕەزایی خەڵكی كوردستاندا لە گەندەڵی و كێشەی مووچە، هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستیپێكرد كە بە ملیۆنان دۆلار پارەی بۆ تەرخان كراوە. لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 20 لیست كێبڕكێ‌ لەسەر 44 كورسی دەكەن، بەڵام ئەوەی ئەو هەڵبژاردنە لە هەڵبژاردنەكانی دیكە جیادەكاتەوە، كێبڕكێی چەند لیستێكی عەرەبییە لە پارێزگاكانی كوردستان كە كاندیدەكانیان كوردن. بەپێی بەدواداچوونی (رووداو)، لە هەر سێ‌ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان (هەولێر، سلێمانی – هەڵەبجە و دهۆك) 52 كەس خۆیان لەسەر چوار لیستی عەرەبی پاڵاوتووە.

هەولێر: 19 لیست و 161 كاندید

لە سنووری پارێزگای هەولێر 19 لیست كە 161 كاندیدیان لەخۆگرتووە، كێبڕكێ‌ لەسەر 15 كورسییەكەی هەولێر لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەن كە لە هەڵبژاردنی ساڵی (2014) دا پارتی 7 كورسی و یەكێتی 4 كورسی و گۆڕان دوو كورسی و كۆمەڵ دوو كورسییان برد.

یەكێتی و پارتی و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، زۆرترین كاندیدیان هەیە كە هەر یەكەیان 30 كەسی لە پارێزگای هەولێر بەربژێر كردووە. دوای ئەوانیش نەوەی نوێ‌ دێت كە 15 كاندیدی هەیە. لە كۆی 19 لیستەكەی پارێزگای هەولێر، تەنیا یەكێكیان لیستێكی سەربەخۆیە، ئەویش مامۆستایەكی زانكۆیە بەناوی نەسرەت سابیر خۆشناو.

لە هەڵبژاردنی ئەمجارەشدا كورسییەك بۆ كۆتای مەسیحییەكان لە پارێزگای هەولێر دانراوە كە حەوت لیست كێبڕكێ‌ لەسەر بەدەستهێنانی دەكەن، بە هەر حەوت لیستەكەش 13 كاندیدیان هەیە. هەروەها توركمانەكانیش لیستێكیان هەیە كە لە پێنج كاندید پێكهاتووە.

لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا ئەیاد عەللاوی، سەرۆكی ئێستای ئیئتیلافی نیشتیمانی كە ئەوكات ناوی (عێراقیە)بوو، لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لیستی هەبوو، بۆ ئەم هەڵبژاردنەش لە هەولێر 6 كاندیدی هەیە، بەڵام ئەمجارە دوو لیستی دیكەی عەرەبیش لە هەولێر هەن: ئیئتیلافی نەسر بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی و لیستە عەرەبییەكەی دیكەش لیستی تەیاری نیشتیمانیی عەشایرییە لە عێراق كە 6 كاندیدیان لە هەولێر هەیە.

عەبادی چاوی لەوەیە دەنگە ناڕازییەكان هەرێمی كوردستان بۆ خۆی ببات. رەنگە بابەتی گەرمی پروپاگەندەی كاندیدەكانیشی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و كردنەوەی فڕۆكەخانەكان بێ‌.

سلێمانی: 213 كاندید بۆ 12 لیست

پێدەچێ‌ پارێزگای سلێمانی بە بەراورد بە پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، گەرمترین بانگەشە بەخۆیەوە ببینێ‌، بەو پێیەی دوو قەوارەی نوێ‌ لە هەناوی حیزبەكانی سلێمانیدا لەدایكبوون، ئەوانیش هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بە سەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح، هەروەها نەوەی نوێ‌ بە سەرۆكایەتی شاسوار عەبدولواحید. ئەوان بەر لە وادەی كۆمسیۆن دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن كرد، یەكێتی هەر زوو هۆشداری دایە بەرهەم ساڵح، جێگری دووەمی پێشووی سكرتێری یەكێتی كە "ئەوەی بۆ نەوشیروان مستەفا چووە سەر بۆ ئەو ناچێتە سەر"، وەك ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی پێشتر بە (رووداو)ی گوتبوو.

گۆڕانیش كە ترسی لەوە هەیە نەوەی نوێ‌ بەشێكی دەنگە ناڕازییەكان ببات، هەر زوو لە رێگەی كەی ئێن ئێنەوە كە خۆیان بە "تۆپخانەكەی گۆڕان" ناوی دەبەن، هێرشیان كردە سەر سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ و بە "سەرمایەدارێكی هەڵتۆقیو" وەسفیان كرد.

لە 12 لیستەكەی سلێمانی لیستی یەكێتی و لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری زۆرترین كاندیدیان هەیە كە ئەویش 36 كاندیدە، هەروەها پارتی 30 كاندید و نەوەی نوێ‌ 24 كاندید و گۆڕان 22 كاندیدی هەیە. حیزبی شیوعی كوردستانیش كە پێنج كاندیدی هەیە، هەر پێنج كاندیدەكەی ژنن.

بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە سێ‌ لیستی عەرەبی لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەن، ئەوانیش: رەوتی حیكمەی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی عەمار حەكیم كە 17 كاندیدی هەیە، هەروەها ئیئتیلافی نەسر بە سەرۆكایەتیی حەیدەر عەبادی، 9 كاندیدی هەیە، هەرچی ئیئتیلافی نیشتیمانیی ئەیاد عەلاوییە، سێ‌ كاندیدی هەیە.

پارێزگای سلێمانی بە هەڵەبجەشەوە 18 كورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا هەیە، لە هەڵبژاردنی 2014دا بزووتنەوەی گۆڕان زۆرترین كورسی پارێزگاكەی برد كە 7 كورسی بوو، هەروەها یەكێتی 6 كورسی، پارتی 2 كورسی، یەكگرتوو 2 كورسی و كۆمەڵی ئیسلامیش یەك كورسی برد.

دهۆك: 117 كاندید و 17 لیست

هەرچەندە دهۆك بە زۆنی زەرد ناسراوە، بەڵام ركابەرەكانی پارتی كێبڕكێیەكی توند لەسەر دەنگی ئەو پارێزگایە دەكەن، لەو پارێزگایە كە عەشیرەت و كەسایەتیی رۆڵیان هەیە لە راكێشانی دەنگی دەنگدەران، حیزبەكان پەنایان بۆ بردوون، تەنانەت لە ماڵێكدا سێ‌ برا لە سێ‌ لیستی جیاواز كاندیدكراون.

لە سنووری پارێزگای دهۆك 117 كاندید لەناو 17 لیست كێبڕكێ‌ لەسەر 11 كورسییەكەی پارێزگاكە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەن. هەر یەك لە پارتی و یەكێتی 22 كاندیدیان لە دهۆك هەیە، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری 19 كاندید، یەكگرتووش كە لە دوای پارتی هەمیشە دەنگی دووەمی پارێزگای بردووە 17 كاندیدی هەیە.

لە پارێزگای دهۆك، كێبڕكێی توند لە نێوان پارتە مەسیحییەكان هەیە و حەوت لیستی مەسیحی كێبڕكێ‌ لەسەر تاكە كورسیی كۆتای مەسیحییەكان دەكەن و 13 كەس خۆیان بۆ ئەو كورسییە پاڵاوتووە.

بە پێچەوانەی هەڵبژاردنەكانی رابردوو، لەم هەڵبژاردنەدا ئەیاد عەلاوی لە دهۆك لیستی نییە كە پێشتر چاوی لە دەنگی مەسیحییەكانی ئاوارەی دهۆك بوو. بەڵام حەیدەر عەبادی لیستێكی 6 كەسی لە دهۆكیش هەیە.

ناسر تۆفیق رەشید، ناسراو بە ناسر بەگ بەرواری كە سەرۆكایەتی لیستەكەی عەبادی دەكات لە دهۆك، بە (رووداو)ی گوت: "پێش رووخانی رژێمی بەعس، لەگەڵ عەبادی لە ئێران بە یەكەوە بووین، زۆر سەرسامم بە كار و پرۆژەكانی، بۆیە سەرۆكایەتی لیستەكەی ئەوم لە دهۆك لە ئەستۆ گرت".

ناسر بەگ كە لە چەند رۆژی رابردوودا لە بەغدا عەبادی بینیوە، باس لەوە دەكات كە عەبادی بەڵێنی زۆری پێداون و دەڵێت "بەڵێنی پێداین مووچەی پێشمەرگە بنێرێ‌ و رێگاوبانەكانی دهۆك چاك بكات".

بەرواری ئاشكرای كرد كە لە چەند رۆژی داهاتوودا نووسینگەیەكی هاوپەیمانی نەسر لە دهۆك دەكرێتەوە و گوتی: "دوو كەسی نزیك لە عەبادی هاتنە دهۆك و پارەیەكی باشیان بە ئێمە داوە بۆ كردنەوەی نووسینگە، عەبادی بەڵێنی داوە پارەیەكی باش بۆ كاندیدەكانمان خەرج بكات".

سەبارەت بە پێشبینیەكانیان بۆ دەنگی هاوپەیمانیی نەسر، بەرواری گوتی: "ناڵێم چەند كورسی دەهێنین، بەڵام بە دڵنیاییەوە زۆربەی دەنگەكانی پارێزگای دهۆك دەبەین".

بەرپرسێكی پارتی بەدووری زانی لیستەكەی عەبادی لە دهۆك دەنگ بهێنێ‌. عیسمەت رەجەب بەرپرسی لقی 14ی پارتی بە (رووداو)ی گوت: "ئەوان دەنگ ناهێنن، ئەوانەشی خۆیان كاندید كردووە، تەنیا مەبەستیان وەرگرتنی پارەیە لە عەبادی". گوتیشی: "عەبادی پارەیەكی باشی پێداون بۆ ئەوەی دەنگی كورد پەرتوبڵاو بكەن".

لە هەڵبژاردنی رابردوودا لە كۆی 11 كورسییەكەی پارێزگای دهۆك لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پارتی 8 كورسی بردبوو، هەروەها یەكگرتوو دوو كورسی و یەكێتیش یەك كورسی.

شیعە لە كەركووك بە تەمای كورسین

لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، قسەی یەكەم و دوایی لە كەركووك شیعە دەیكات، لە حیزبە كوردییەكانیش پارتی بایكۆتی كردووە، حیزبەكانی دیكەش گلەیی ئەوە دەكەن كە حەشدی شەعبی رێیان پێ نادات بە ئارەزووی خۆیان بانگەشە بكەن. شیعە كە لە سێ‌ خولی رابردوودا هیچ كورسییەكی لەو شارە نەهێناوە، ئەمجارە چاوی لە كورسییە لەو پارێزگایە.

ئەگەرچی كورد لەو پارێزگایە بە پێنج لیست و هاوپەیمانییەك بەشداری كردووە، بەڵام هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كە زەحمەتە كورد كورسییەكانی رابردوو بهێنێتەوە. كورد پێشتر لە كۆی 14 كورسی، 8 كورسی هەبوو (یەكێتی 6 كورسی و پارتی 2 كورسی).

بەڵام ئەمجارە زۆربەی لایەنە شیعییەكان لە كەركووك لیستیان هەیە، لەوانەش هاوپەیمانیی فەتح (24 كاندید)، رەوتی حیكمە (20 كاندید)، هاوپەیمانیی نەسر (24 كاندید) و هاوپەیمانیی نیشتیمانیی عێراق (24 كاندید) .

توركمانیش كە لە دوای كورد خۆیان بە دووەم نەتەوە دەزانن لە كەركووك، بە یەك لیست بەشدارییان كردووە، ئەویش بەناوی بەرەی توركمانییە كە 18 كاندیدیان هەیە، هەروەها عەرەبە سوننەكانی كەركووكیش لە یەك لیستدا خۆیان كۆكردووەتەوە، ئەویش لیستی هاوپەیمانی عەرەبییە كە 24 كاندیدی هەیە.

مووسڵ لە وێرانەدا هەڵبژاردن دەكات

هێشتا بۆنی لاشەی قوربانیانی شەڕی داعش لە كۆڵانە تەنگەبەرەكانی مووسڵدا مێشك وڕ دەكات، بەشێك لە دانیشتووانەكەی لە ئاوارەییدا دەژین و چاویان لە كۆمەكی رێكخراوە مرۆییەكانە، بەڵام حیزبە كوردی و شیعی و سوننەكان كەوتوونەتە كێبڕكێیەكی توند لەو پارێزگایە كە 960 كاندید كێبڕكێ‌ لەسەر 31 كورسی پارێزگاكە و 3 كورسی كۆتای مەسیحی و شەبەك و ئێزدی دەكەن.

لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا پارتی زۆرینەی دەنگی كوردی ئەو پارێزگایەی بردووە كە زۆربەیان دەنگی كوردی ئێزدی بوون، بەڵام پێناچێ‌ ئەمجارە ئەو دەنگانە بهێنێتەوە، چونكە ئێزدییەكان چەند لیستێكیان بۆ ئەو هەڵبژاردنە ئامادە كردووە. كورد لە پارێزگای نەینەوا پێنج لیستی هەیە.

ئەگەرچی مووسڵ شارێكی زۆرینە سوننەنشینە، بەڵام شیعەكان دەیانەوێ‌ بەرهەمی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ لە دەستی داعش هەڵبگرنەوە. بە تایبەتی ئیئتیلافی نەسر و ئیئتیلافی فەتح. بەڵام لیستەكەی مالیكی لە كەركووك و مووسڵ هیچ كاندیدێكی نییە.

لە مووسڵ ئیئتیلافی فەتح بە 62 كاندید، رەوتی حیكمە بە 62 كاندید، هاوپەیمانی نەسر بە 62 كاندید بەشدارییان كردووە. هەروەها پارتی و یەكێتیش هەر یەكەیان 62 كاندیدی هەیە.

هەولێر:
ژمارەی لیست: 19
ژمارەی كاندید: 161

سلێمانی:
ژمارەی لیست: 12
ژمارەی كاندید: 213

دهۆك:
ژمارەی لیست: 17
ژمارەی كاندید:117

ژمارەی كاندیدی لیستە عەرەبییەكان لە كوردستان
هەولێر: 17
سلێمانی: 29
دهۆك: 6






رووداو
Top