چەند زانیارییەک لەبارەی کاندیدە کوردەکەی عەبادی ئاشکرا دەبێت
جەرجیس محەمەد حەسەنی ناسراو بە جەرجیس گوڵیزادە، کە پزیشکێکی ڤیتێرنەرییە، لە ساڵی ١٩٥٩ لە گەرمیان لە دایک بووە و زۆربەی ژیانی لە ھەولێر بەسەر بردووە.
جەرجیس گوڵیزادە، کە یەکێکە لە کاندیدە کوردەکانی ھاوپەیمانیی نەسر، بەردەوام لە ماڵپەڕ و میدیا عێراقییەکان وتار و لێدوان دژ بە مافە سیاسیی و نەتەوەییەکانی گەلی کوردستان بڵاو دەکاتەوە و خۆی بە کەسێکی عێراقی دادەنێت.
نەسر ھاوپەیمانییەکی عێراقییە و بەشداریی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکات. حەیدەر عەبادیی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرۆکایەتی دەکات.
لە سەروبەندی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستاندا، کە لە ٢٥ـی ئەیلوولی ٢٠١٧ ئەنجام درا و تێیدا رێژەی زیاتر لە %٩٢ـی بەشداربووان دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان دا، ئەو کاندیدە کوردەی ھاوپەیمانیی نەسر بەردەوام لە میدیا عێراقییەکان بە گاڵتەوە باسی ئەو ھەوڵەی سەربەخۆیی کوردستانی دەکرد.
جەرجیس محەمەد حەسەن، کە سەردەمێک یەکێک بوو لە کەسایەتییە نزیکەکان لە کۆسرەت رەسوڵ عەلیی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە ھەفتەنامەیەکی سلێمانی راگەیاندووە، کە چەندین جار لەسەر ھەڵوێستەکانی دژی ھەرێمی کوردستان، لەلایەن نوری مالیکی، عەمار حەکیم و حەیدەر عەبادی دەستخۆشی لێ کراوە.
ئەو کاندیدە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە پێویستە کورد دەستبەرداری مافە نەتەوەییەکانی بێت و خۆی بە عێراقی بزانێت و رەخنەش لە حکوومەتی عێراق دەگرێت، کە رێگریی لە فرۆشتنی نەوتی کوردستان نەکردووە.
باسنيوز
