ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: لە چەند ساڵی ڕابردوودا بانگەشەی هەڵبژاردن لە سلێمانی نەوەستاوە

 ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: لە چەند ساڵی ڕابردوودا بانگەشەی هەڵبژاردن لە سلێمانی نەوەستاوە
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕای دەگەیەنێت، لەلای خەڵکی سلێمانی، سیاسەتکردن بە تەشهیرکردن بووەتە کارتێکی سووتاو، بەڵام "پارتی هیچ کاتێک ناوزڕاندن وەک کەرەستەیەکی بانگەشەکردن بەکار ناهێنێت".

زیادی کاکە ڕەزا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند: "کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان ڕێکاری خۆی لەبارەی ئەوانە هەیە کە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا تەشهیر بە ئەم و ئەو دەکەن".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی ڕوون کردەوە, لە چوار ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا، ئەگەر ڕاستگۆ بین، ئەوا ھەڵمەتی ھەڵبژاردن لە سلێمانی نەوەستاوە و ھەموو ڕۆژێک وەک ئەوە بووە کە ھەڵبژاردنمان لە پێش بووبێت.

زیاد کاکە ڕەزا ئەوەشی خستەڕوو، خەڵکی سلێمانی لە سیاسەتی ناوزڕاندن و خراپکردنی ئەم لایەن، بۆ باشترکردن و چاکنیشاندانی لایەنێکی دیکە بێزار بووە و ئەو کارتە سووتاوە.

لەبارەی بەشداریکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەم بابەتەدا، گوتی: "پارتی نە پێشتر و نە ئێستاش ئەو وەرەقەیەی ڕانەکێشاوە و ڕای ناکێشێت، بۆیە ھیوادارم لایەنەکانی دیکە بەسەر پارتییەوە موزایەدە نەکەن، چونکە ئەگەر ھەر لایەنێک موزایەدەمان بەسەرەوە بکات، ئەوا پارتی وەڵامی خۆی پێیە".










باسنیوز
Top