کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ تاوتوێکردنی یاسای چاکسازی دوا خرا

 کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ تاوتوێکردنی یاسای چاکسازی دوا خرا
کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی پرۆژەیاسای چاکسازی لە مووچە و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان، دوا خرا.



بڕیاربوو رۆژی دووشەممە 16/4/2018 پەرلەمانی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرۆژەیاسایە کۆ ببێتەوە و نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادەی کۆبوونەوەکە ببێت.



بێگەرد تاڵەبانی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەهۆی ئامادەنەبوونی نوێنەری حکوومەت، کۆبوونەوەکە بەبێ دیاریکردنی هیچ وادەیەک، دواخرا.



فەرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان بە (کوردستان 24)ی راگەیاند، پێویستە هەرچی زووە ئەو کۆبوونەوەیە بەڕێوە بچێت و بە زووترین کات ئەو پرۆژەیاسایە پەسەند بکرێت.



بەپێی ئەو پرۆژەیاسایە، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی کردبووە، مووچە و ئیمتیازاتی خانەنشینە نایاساییەکانی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت و دوو مووچەیی لە کوردستان نامێنێت.



پرۆژەیاساکە لە رۆژی 18/2/2018 لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند کرا، بەڵام بەهۆی بڕگەیەکی تایبەت بە خانەنشینیی پەرلەمانتاران، ناڕەزاییەکی زۆر دروست بوو و یاساکە گەڕێندرایەوە پەرلەمان.




باسنیوز
Top