كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان: هەر لایەنێك بەدەر لە رێنماییەكان بانگەشە بكات، سزا دەدرێت
عەلی قادر، بەرپرسی نووسینگەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق-هەولێر، لە میانەی كۆنفڕانسەكەیدا رایگەیاند: "داواكارین لە لایەنەكان خۆیان بە دوور بگرن لەو رەفتارە قەدەغەكراوانەی، كە بەپێی یاسا سزایان بۆ دیاری كراوە، لە پێناو سستنەبوونی گەشەی دیموكراسی و دەمانەوێت رێگری بكرێت لە هەر كردارێكی قەردەغەكراو".
بەرپرسەكەی كۆمسیۆن داوایشی كرد، كەوا هەموو لایەك دوور بكەونەوە لە بەكارهێنانی شوێنی قەدەغەكراو بۆ هەڵواسینی درووشمەكانیان، لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە دوور بكەونەوە لە سهرپێچی یاسای كۆمسیۆنی ههڵبژاردن.
سەبارەت بە پرۆسەی هەڵمەتی بانگەشەیش گوتی: "لیژنەمان هەیە و چاودێریی دۆخەكە دەكەین، ئەوان راپۆرتی خۆیان بەرز دەكەنەوە و لەسەر ئەو راپۆرتانە سزای لایەن و كەسی سەرپێچیكار دەدرێت، لیژنەكانیش دووانن كە یەكێكیان تایبەت بە قەوارەكانە و ئەوی تریش تایبەتە بە مێدیاكان، كە رۆژانە دۆكیومێنتەكان كۆ دەكەنەوە و دواتر ئاگاداری لایەنی سەرپێچیكار دەكرێتەوە و سزای ماددییان بەسەردا دەسەپێندرێت".
لە درێژەی كۆنفڕانسەكەیدا، عەلی قادر هێمای بۆ گەییشتنی هەموو ئامێرەكانی دەنگدان و وەرگرتنی دەنگدان و پەنجەی دەنگدەران كرد، كەوا هەموو ئامادەكارییەكی لۆجستی تەواو بووە و لە رۆژی دەنگداندا، دەدرێنە وێستەگەكانی دەنگدان.
لەمەڕ ئاوارەكان و دەنگدەرانی سنووری ماددەی ١٤٠یش، گوتی: "هەموان دەتوانن لە هەرێمی كوردستان دەنگ بدەن، دواتریش دەنگەكانیان دەگەڕێتەوە شوێنی خۆیان بهو مهرجهی كارتی دهنگدانیان نوێ كردبێتهوه و ههیانبێت".
kdp-
