بازار و دووکانی دوو شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان داخران
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕە خۆجێیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کاسبکار و دووکاندارانی شارەکانی بانە و جوانڕۆ ئەمڕۆ یەکشەممە 2018/4/15 بۆ چەندەمین جار لە یەک مانگی ڕابردوودا مانگرتنیان ڕاگەیاند و دووکان و بازارەکانیان داخستووە.
بەپێی زانیارییەکان، داخستنی دووکان بازار لەلایەن کاسبکاران و خەڵکی شارەکانی جوانڕۆ و بانە، لە ئەنجامی ئەو دۆخە دژوارە ئابوورییەیە کە ئێران بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی گرتووەتەوە و ئەمەش بۆ داخستنی سنوورە کۆڵبەرییەکانی شارە سنوورەکان دەگەڕێتەوە کە سەرچاوەی بژیو و داهاتی بەشێک لە خەڵک و دابینکەری کەلوپەلی ئەو بازار و دووکانانەیە کە بەم بۆنەوە هەزاران کەس بێکار بوون.
دوو هەفتە لەمەوبەر کاسبکاران و دووکاندارانی شارەکانی: سەقز، جوانڕۆ و مەریوان بە داخستنی بازاڕ داوای کردنەوەی سنوورەکانیان کرد؛ هاوکات کاسبکار و دووکاندارانی پیرانشار و بانە بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە داخستنی سنوورەکان مانیان گرت، کە بەهۆی دەستێوەردانی هێزەکانی ئیتلاعات و دروستکردنی فشار لەسەر بازاڕیان مانگرتنەکەیان شکاند.
ژیانی خەڵکی کوردستان بەتایبەت لە شارە سنوورییەکانی وەک مەریوان، سەقز، بانە و جوانڕۆ بەستراوەتەوە بە جووڵەی بازاڕە سنوورییەکان و حکوومەتی ئێران لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردووەوە بە ئامانجی گوشاری زیاتر لەسەر خەڵکی ئەم سنوورانەی داخستووە؛ ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی بەردەوامی خەڵک.
باسنيوز
