هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی دیاردەیەکی مەترسیدار لەنێو گەنجانی عێراق دەدرێ

هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی دیاردەیەکی مەترسیدار لەنێو گەنجانی عێراق دەدرێ
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەشێک لە گەنجانی عێراقی وێنەی خۆیان بڵاو دەکەنەوە، کە لە وێنەکەدا ئاگریان لە دراوی وڵاتەکەیان (بە تایبەت دراوی ٢٥ ھەزار دیناری) بەرداوە و جگەرە بە ئاگری دراوەکە دادەگیرسێنن.

بە بڕوای ئابووریناسان، ئەم کارەی ئەو گەنجانە، مەترسییەکی گەورەیە لەسەر باری ئابووریی وڵات و بەفیڕۆدانی سەرمایەی تاک و دراوی وڵاتەکەیە.

هاوکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هۆشداری دراوە لە بڵاوبوونەوەی ئەو حاڵەتە لەنێو گەنجانی عێراق، بە تایبەتیش بەهۆی ئەوەی کە لاساییکردنەوە بە شێوەیەکی خێرا لەنێو گەنجاندا دەبینرێت.

بەپێی بڕگەی یەکەمی ماددەی ٣٤٢ی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩، هەر کەسێک ”بە مەبەست“ ئاگر لە سامانێکی گوازراوە (بە دراویشەوە) یان سامانێک کە ناگوازرێتەوە، بەربدات، هەرچەندە موڵکی خۆی بێت، ئەوا بە زیندانیکردن سزا دەدرێت، ماوەکەی زیاتر نەبێت لە ١٥ ساڵ، ئەگەر کارەکەی ببێتە هۆی ئەوەی ژیان و سامانەکانی هاووڵاتییان بخاتە ژێر مەترسییەوە.

ئەمە جگە لە چەندین سزای دیکە کە لە ماددە جۆراوجۆرەکانی یاسای سزادانی عێراقی بۆ ئەو کەسانە دیاری کراوە کە بە مەبەست دراوی فەرمیی عێراقی دەسووتێنن و لەناوی دەبەن.











باسنيوز
Top