کرمانج عزەت: پەرلەمانی عێراق پێویستی بەوانەیە کە بەرگری لە مافی هەموو گەلی کورد دەکەن
کرمانج عزەت، کاندیدی ژمارەی (١٤)ی لیستی ١٨٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند، ئەو کێشانەی ئێستا لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەن، بەتەنیا کێشەی یەک حزب و لایەن نین، بەڵکوو ”کێشەی ھەموو خەڵکی کوردستانە“. بۆیە بە گرنگی زانی، ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە دەنگ بدەن و ”لەسەر بنەمای سۆزداری دەنگ نەدەن“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە گرنگە هاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان لەسەر کۆمەڵێک بنەما و پێوەر دەنگ بە نوێنەرەکانیان بۆ پەرلەمانی عێراق بدەن و گوتی: "ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێویستی بەو کەسانەیە کە لە ڕوانگەی یەکڕیزییەوە بەرگری لە مافی ھەموو گەلی کورد دەکەن، ئەوانەی کە زمانی زبر بەکار ناھێنن. ئەوانەی بڕوایان بە پێکەوەژیان ھەیە، ئەوانەی لە سیاسەتدا شارەزان و ئەزموونی کارکردنیان لە زانستی دانوستان ھەیە، ئەو خاڵانەی کە لە بەرژەوەندیی کورددان، نەک خەریکی خۆیەکتر شکاندن بن".
ئەو کاندیدەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی لەوەش کردەوە: "ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە دەنگ بدرێت، کورد لە بەغدا ھەڵدەستێتەوە و بەھێزێکی زیاترەوە دەچێتە ناو پرۆسەکەوە و گۆڕانکاری بەسەر ئەو دۆخەی ھەرێمی کوردستاندا دێت، بە پێچەوانەوە ئەو دۆخە چەقیوەی کە ئێستا لە ئارادایە، خراپتر دەبێت".
کرمانج عزەت لە ماوەی ڕابردوودا قایمقامی سۆران بووە و لە لایەن دانیشتووانی قەزاکەوە بە کەسێکی چالاک ناسراوە و ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پێشخستنی سۆران هەبووە.
باسنیوز
