کۆمسیۆن هاووڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە
بڕیاره ئه‌مڕۆ سەعات 12ی شه‌و بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له هه‌رێمی كوردستان بۆ په‌رله‌مانی عێراق ده‌ست پێ بكات، كه بڕیاره هه‌ڵبژاردنه‌كان له ڕۆژی 12ی مانگی داهاتوو به‌ڕێوه بچن و بانگهشهكهش تاوه‌كو 24 سەعات پێش ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت.
ڕزگار حه‌مه ئه‌مین، جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "ژماره‌یه‌ك قه‌واره و كاندید پێش ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن پۆسته‌ر و وێنەیان بڵاو کردووەتەوە و لیژنه‌ی چاودیریی ئێمه ناوی ئه‌و كه‌سانه‌یان تۆمار كردووە و ئێمه‌یان ئاگادار كردووەتەوە، بۆیه ئێمه‌ش سزامان داون، كه ژماره‌یان 10 كاندید ده‌بێت، به‌ڵام هیچیان له هه‌رێمی كوردستان نه‌بوونه."
له‌باره‌ی ده‌ستپێكردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانەوە، ڕزگار حه‌مه ئه‌مین گوتی: "ئه‌مڕۆ له پارێزگاكانی عێراق ده‌ستی پێ كردووه، به‌ڵام بۆ هه‌رێمی كوردستان له سەعات 12:00ی شه‌و ده‌ست پێ ده‌كات و هه‌ركه‌سێك پێش ئه‌و واده‌یه ده‌ست پێ بكات سزا دەدرێت."
ڕزگار حه‌مه ئه‌مین گوتیشی: "سزای هه‌ر كاندیدێك سه‌رپێچی بكات سێ ملیۆن دیناره و بۆ قهوارهكانیش پێنج ملیۆن دیناره و ئه‌گه‌ر دووباره‌شی بكاته‌وه ده‌بێته دووقات."
سه‌باره‌ت به وه‌رگرتنه‌وه‌ی كارتی ده‌نگدان، ئه‌مین باسی له‌وه كرد: "پرۆسه‌ی وه‌رگرتنه‌وه‌ی كارتی ده‌نگدان له هه‌رێمی كوردستان، له هه‌ولێر 51% و له سلێمانی 52% و له دهۆك 43% بووە، بۆیه ئه‌وه‌ی به‌شداری له پرۆسه‌ی بایۆمه‌تری كردووه، پێویسته كارتی ده‌نگدانی وه‌رگرێته‌وه، ئه‌گه‌رنا بێبه‌ش ده‌بێت له ده‌نگدان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌شداریی له پرۆسه‌ی بایۆمه‌تری نه‌كردبێت ده‌توانێ به كارتی كۆن ده‌نگ بدات."
kdp _
