وەزارەتی ئەوقاف: بانگەشەی هەڵبژاردن لەنێو پەرستگاكان قەدەخەیە

 وەزارەتی ئەوقاف: بانگەشەی هەڵبژاردن لەنێو پەرستگاكان قەدەخەیە
گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ئه‌وقافى حکوومەتی هه‌رێمی کوردستان رایگەیاند هۆشدارییان داوەتە هەموو کاندید و لایەنە سیاسییەكان کە بەهیج شێوەیەک بانگەشەی هەڵبژاردن لەنێو پەرستگا و شوێنە ئایینیەكان نەکەن.


نه‌به‌ز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی بە(باسنیوز)ی ڕاگه‌یاند مزگه‌وت و شوێنه‌ ئایینیەكان پیرۆزی خۆیان هه‌یه‌ و نابێت له‌لایه‌ن هیچ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ بەرژەوەندی و سیاسەت بەکار بهێندرێن.


گوتیشی "بۆ ئەو مەبەستە ڕێگە ناده‌ین به‌ هه‌ڵواسینى پۆسته‌ر و ریكلامى هیچ کاندیدێکی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ ناو مزگه‌وت و ناوەندە ئاینیەکان، هه‌ر كه‌سێکیش ئه‌و كاره‌ بكات، لێپێچینه‌وه‌ى یاسایى له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین".


نەبەز ئیسماعیل ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ئاگاداریمان داوەتە مامۆستا ئایینیەكان لە گوتارەکانیاندا بانگه‌شه‌ بۆ هیچ كه‌س و لایه‌نێك نەکەن، بەپێچەوانەوە بەرپرسیار دەبن.



چەند رۆژێكە بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق دەستی پێكردووە، كە بریارە رۆژی 12ی ئایاری داهاتوو بەڕێوەبچێت.





باسنیوز
Top