شاره‌زا و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان پێشبینی ده‌كه‌ن، داعش گه‌شه‌ بكاته‌وه‌

شاره‌زا و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان پێشبینی ده‌كه‌ن، داعش گه‌شه‌ بكاته‌وه‌
چەند رۆژێکە داعش لە سووریا و عێراق چالاکی ئەنجام دەدات و شارەزایەکی گرووپە توندڕۆکانیش پێی وایە، گرووپ و تاقمە توندڕۆکان سوود لە ئاڵۆزییەکانی ئێستای ناوچەکە وەردەگرن و دەشڵێ، پێشبینی دەکرێت سه‌رله‌نوێ ھەندێک ناوچەی عێراق داگیر بكه‌نه‌وه‌.

دکتۆر محەممەد شاکر، راگری کۆلیژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سەڵاحەددین ده‌ڵێ، ھێزە توندڕۆکان لەو کاتەی رەوش ئارامە ناتوانن گەشە بکەن، چونکە هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بەرەنگاریان دەبنەوە و رێی چالاکییان لێ داده‌خرێ، بەڵام لەھەر بۆشاییەكی ئه‌منی و سیاسیدا دەتوانن سوود وەربگرن و گەشە بکەن.
ئه‌و به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت ''لە حاڵەتی ئەوەی کێشە دەکەوێتە نێوان وڵاتان و دابڕان لەنێوان لایەنەکاندا دروست ده‌بێت، گرووپ و تاقمە تیرۆریستی و توندڕۆکان بە دەرفەتی دەزانن بکەونه‌ خۆ بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکانیان، زۆر جاریش وەک وەرەقەی گوشار بە کار دەھێندرێن لەلایەن وڵاتانی جیھان خۆیانەوە.''

فەرھاد حەمەعەلی، گوتەبێژی ئاسایشی كه‌ركووك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعشی له‌ ناوچه‌كه‌دا پشتڕاست کردەوە و گوتی "ماوەیەکە داعش چالاکی زیاد کردووە لە دەوروبەری کەرکووک؛ رۆژانە ھێرش دەکاتە سەر ھێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی، لەبەر ئەوە دەتوانین ئەوە پشتڕاست بکەینەوە لە ئێستادا داعش ھەڕەشەیە بۆسەر کەرکووک، شانە نووستووکانیان دەستیان بە چالاکی کردووە.''

وه‌ك ئەو شارەزایەی گرووپە ئیسلامییەکانیش ده‌ڵێ، ئەو ئاڵۆزییەی ئێستا ناوچەکەی گرتووتەوە، دەرفەت بۆ گرووپە توندڕۆکان خۆش دەکات چالاکی ئەنجام بدەن، بەتایبەتی ئێستا ئەمریکا و رووسیا لە ململانێی توونددان لەسەر رەوشی سووریا، ئەوەی چەند رۆژێکە ململانێی نێوان وڵاتان گرژیی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە، دەبێـتە ھۆی زەمینەسازی بۆ گرووپە توندڕۆکان.

عەقید ھێمن ساڵح، فەرماندەیه‌كی ھێزێكی پێشمەرگەیه‌ لە میحوەری پردێ، زانیاریی زیاتر لەبارەی ھەبوونی داعش لە ناوچەکە درکاند و بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ "داعش لە قەزا و ناحیەکانی کەرکووک گەیشتووه‌تە ئاستێک، دەستەڵاتی لەدەستدایە لە ھەندێ شوێن. ھێزە عێراقییەکانیش توانای کۆنتڕۆڵکردنی رەوشی ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی داعشانیان نییە، ھەر ئەوەش وایکرد پێش ماوەیەک حەشد و ھێزە عێراقییەکان لە ھەندێ ناوچەی دەوروبەری کەرکووک پاشەکشە بكه‌ن و سەنگەرەکانیان بۆ مەفرەزەکانی داعش چۆل کرد.''
لەبارەی ژمارەی چەکدارانی داعش لە سنووری کەرکووک ساڵح گوتی "ژمارەی چەکدارانی داعش نازاندرێ چەندە بە دروستی، بەڵام بەپێی چالاکیی ئەوان بێت، ژمارەیەکی بەرچاو داعش ماون و خەڵکی ناوچەکەشن.''

دکتۆر محەممەد شاکریش له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه‌ كه‌، داعش لە نه‌بوونی سه‌قامگیری له‌ ناوچەکانی کەرکووک و دیالە و پارێزگاکانی دیکەی عێراق چەند سوودی وەرگرتووە، ''پێشبینی دەکرێت لە داھاتوودا داعش زیاتر سوود لە رەوشی ناوچەکە وەربگرێت و چالاکییەکانی بەرفراوانتر بکات، ھەتا ناوچەی تایبەت بە خۆی ھەبێت وەک پێشتر دەستەڵاتی ھەبوو لە عێراق، مەترسیی ئەوەش دەکرێت ھەندێ وڵاتی زلھێز بۆ مەرامی خۆیان بە کاریان بێنن.'
kdp-
Top