دوای ٣٠ ساڵ پڕۆسه‌ی ئەنفال، ھێشتا بەشێکی کەسوکاریان چاوەڕێی گەڕانەوەی ئازیزانیان دەکەن

 	 دوای ٣٠ ساڵ پڕۆسه‌ی ئەنفال، ھێشتا بەشێکی کەسوکاریان چاوەڕێی گەڕانەوەی ئازیزانیان دەکەن
لە ھەرێمی کوردستان بۆ رێزگرتن لە گیانی شەھیدانی جینۆساید، ١٤ی نیسانی ھەموو ساڵێک بە رۆژی یادکردنەوەی ئەنفالی کوردستان دیاری کراوە و، شارەزایەکی بواری جینۆسایدیش دەڵێ، بەغدا هێشتا ئامادە نییە بڕیاری دادگا بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی پڕۆسەی ئەنفال جێبەجێ بکات.

کارەساتی ئەنفال، کە بە جینۆسایدی کوردان ناسراوە، کۆمەڵکوژییەکە بەسەر کوردانی باشووری کوردستاندا هاتووه‌، کورد لە لایەن سەرۆکی حزبی به‌عسه‌وه‌، سەددام حوسێن، جینۆناسید دەکرا و لەلایەن عه‌لی حه‌سن مه‌جید لە کۆتایی شەڕی ئێراق و ئێران ئەم هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ لەسەر ناوی سوڕەتی ئەنفال كه‌ لە قورئاندا هاتووه‌ به‌رپا كرا.
لە چەند پڕۆسەیەکی جیاوازدا رژێمی دیکتاتۆری بەعس ١٨٢ ھەزار ھاووڵاتی بێتاوانی کوردی بەرەو بیابانەکانی عێراق گواستەوە و دواتر بە شێوەیەکی دڕندانە و دوور لە ھەموو بەھایەکی ئایینی و مرۆڤایەتی زیندەبەچاڵی کردن، پڕۆسەی ئەنفال لە مانگی شوباتی ١٩٨٨ لە دۆڵی جافایەتی دەستی پێکرد و لە ئەیلوولی ھەمان ساڵدا بە ئەنفالی بادینان کۆتایی هات.

ئه‌نفال بە چەند قۆناغێک بەڕێوە چوو، جینۆسایدکردنی بارزانییەکان لە ساڵی ١٩٨٣ کە تێیدا ھەشتھەزار پیاوی بارزانی بێسەروشوێن کران و ھێشتا روفاتی بەشێکیان لە بیابانەکانی عێراق ماوە، ھەروەھا ئەنفالی بادینان و ئەنفالی گەرمیان لە ساڵی ١٩٨٨ بەڕێوە چوو، كه‌ زیاتر لە ١٨٢ ھەزار ھاووڵاتی بێتاوان بێسەروشوێن کران و، وه‌ك ئیسماعیل ھەنارەیی، شارەزا لە جینۆساید بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، ''بەشێک لە کەسوکاریان ھێشتا چاوەڕوانی ھاتنەوەی ئازیزانیان دەکەن.''

دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق له‌ ٢٠٠٣، دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق دەستی بە دادگاییکردنی تاوانبارانی کارەساتی ئەنفالی خەڵکی کوردستان کرد و بڕیاری دا، بە ھەموو پێوەرێک ئەوەی بەرامبەر گەلی کورد کراوە جینۆسایدە.
ھەنارەیی له‌مباره‌وه‌ ده‌ڵێ ''یەکێک لە بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق کە لە ساڵی ٢٠٠٥ دەرچووە، ئاماژە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەھیدانی جینۆسایدی گەلی کورد دەکات، بەڵام دوای تێپەڕبوونی سێزدە ساڵ بەسەر دەرچوونی بڕیاری دادگادا، ھێشتا حکوومەتی بەغدا ئامادە نییە قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالەکانی کوردستان بکاتەوە، کەچی ساڵانە عێراق پارە بۆ قەرەبووکردنەوەی وڵاتی کوێت تەرخان دەکات لە بری شەڕی کەنداو و ھێرشکردنە سەر ئەو وڵاتە!.''
kdp-
Top