هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی گۆڕان بە بەشداریی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا لە چەمچەماڵ دەستی پێکرد

 هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی گۆڕان بە بەشداریی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا لە چەمچەماڵ دەستی پێکرد
بزووتنەوەی گۆڕان بە بەشداریی هەردوو کوڕەکەی نەوشیروان مستەفا، هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی لە شارۆچکەی چەمچەماڵەوە دەست پێ کرد.

بەپێی زانیارییەکان، ژمارەیەکی زۆر لە هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان، لەو بزووتنەوەیە بێهیوا بوون و بەشێکیان چوونەتە پاڵ گرووپەکەی بەرهەم ساڵح و بەشێکیشیان چوونەتە پاڵ گرووپەکەی شاسوار عەبدولواحیدەوە، بۆیە بزووتنەوەی گۆڕان هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە کە لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا، هەوڵی ئاشتکردنەوەیان بدات.

هەر بەپێی زانیارییەکانی، گۆڕان لەم هەڵمەتەی بانگەشەی هەڵبژاردندا، کوڕەکانی نەوشیروان مستەفاشی بەشداری پێکردووە، تاوەکوو لە ئاشتکردنەوەی ئەو لایەنگرانەیدا بەشدار بن.

لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ هەینی 13/4/2018، عەبدوڵای کوێخا موبارەک، بەرپرسی مەکۆی چەمچەماڵی گۆڕان لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە، کۆبوونەوەیەکی فراوانی لایەنگرانیان بە ئامادەبوونی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا بەڕێوە دەچێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر ئاشکرا کراوە، تەواوی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمپانیای وشە و کەناڵی KNN و پشکەکانی کارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجە، سەرجەمیان بە ناوی هەردوو کوڕەکەی نەوشیروان مستەفاوەن و بزووتنەوەی گۆڕان خاوەنی هیچ موڵک و ماڵێک نییە.







باسنیوز
Top