كێ له‌ گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا ده‌یباته‌وه‌؟

 كێ له‌ گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا ده‌یباته‌وه‌؟
بە نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی عێراق، رووداوگەلێك سەریان هەڵدا، كە بوونەتە جێی گومان، وەك سەرهەڵدانەوەی داعش و دەركەوتنەوەی عێززەت دووری، پسپۆڕێكی زانستە سیاسییەكان پێی وایە، حكوومەتی عێراق بۆ چەند ساڵی داهاتوویش بەپێی ئەو پێدراوانەی كە هەن، ناتوانێت ببێتە ئەو ''مەنزوومە''یه‌ی كە ئۆقرەیی سیاسی و ئەمنی گەرەنتی بكات، شارەزایەكی سیاسییش له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه‌، كه‌ لە بنەمادا عێراق وەك دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری، بوونی نییە.

سەرهەڵدانەوەی داعش و دەركەوتنەوەی عێززەت دووری
ماوەیەكە بە ئاشكرا رێكخراوی تیرۆریستیی داعش دەستیان بە جموجۆڵ كردووەتەوە و هێرشی تیرۆریستییشیان لە چەند ناوچەیەكی عێراق ئەنجام داوە، بە بۆچوونی پەروێز رەحیم قادر مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەددین، دەرهاویشتەی ناڕەزایەتییەكان سوننەمەزهەبن، بەڵام بە جۆرێك خزمەتی ئێرانی كردووە، بە بەرزكردنەوەی نفووزی ئەو وڵاتە.
به‌ بڕوای ئه‌و مامۆستایه‌ی زانسته‌ سیاسییه‌كان، عێراق بەرەو تایفەگەری هەنگاو دەنێت، ئێرانیش تێیدا هۆكارە، كە وایكردووە لە دەوڵەتێكی فرەنەتەوەدا، زۆرینەی شیعە لەژێر هەژموونی ئێراندا وڵات بەڕێوە ببات، ئه‌و هێما بۆ ئەو بۆشاییە دەكات، كە لە ناوچە سوننەكان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دروست بووە و بە زەبری هێز داگیر كراوە و ده‌ڵێ، ''ئەو هێزەش تایفییە كە بووه‌تە هۆی دروستبوونی هێزی تیرۆریستی لەو ناوچانە.''

قادر هه‌روه‌ها گوتی، مەترسییەكانی داعش تەنیا بۆ خودی عێراق نەبوون، بەڵكوو گوازرانەوە سەر وڵاتانی ئەورووپا، ئەوەی جێی سەرنج بوو، مەترسیی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە لەسەر ئێران نەبوو، بە بۆچوونی ناوبراو، ئێران توانیویەتی سوود لەو رێكخراوە تیرۆریستییە وەربگرێت و نفووزی خۆی لە عێراقدا پێ بەرز بكاتەوە، "ئێران بۆ ئەوەی پرسەكانی سەر خۆی دوور بخاتەوە، ئەو ئەكتەرە نادەوڵەتیانە باشترین كەرەستەبوون بۆ ئێران، سوودی لێ وەرگرتوون".

لە چەند رۆژی رابردوودا، عێززەت دووری دەركەوتەوە و پەیامێكی هەڕەشەئامێزی بڵاو كردەوە و زیاتر رووی لە ئێران بوو. دەركەوتنەوەی دووری لەم كاتەدا كه‌ عێراق له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی نزیكتر بووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ خوێندنەوە هەڵدەگرێت، كە ئایا پلانە؟ یاخود پیلان؟ بە بڕوای پەروێز ڕه‌حیم، كۆی رووداوەكان لە عێراقدا و لەم كاتەدا گوماناوین و عێراق بەرەو دۆخێكی ئاڵۆزتر دەچێت، پێیشی وایە پێدەچێت گرووپی دیكەش بێنە ئاراوە.

''دەركەوتنی یه‌كێك له‌ دیارترین سەركردەی پێشووی حزبی بەعس عێززەت دووری لە ئان و ساتێكی ئاوادا و لە پاڵ سەرهەڵدانەوەی جموجۆڵی داعش لە هەندێك ناوچەدا، لاوازیی حكوومەتكەی عەبادی نیشان ده‌دات، كە خاوەنی ئەو توانا و ئامرازانە نییە، تاوەكو‌ لە ئێستادا بتوانێت هەژموونی سەروەری بسەپینێت بەسەر تەواوی زەوی عێراقدا''، ئه‌مه‌ قسه‌ی رێبوار بابكەیی مامۆستای زانكۆیه‌ و، ئه‌م ده‌ركه‌وتنه‌وه‌یه‌ بە پەیامێكی سیاسی و ئاگاداركردنەوەی دادەنێت،‌ كەوا‌ بە لایەنی كەم بە گۆێچكەی عەبادیدا دەچرپێنرێت، كه دەكرێت سەرلەنوێ فایلی بەعس بێننە پێشەوە، ئەویش‌ بۆ سەنگەرگرتن لە نفووزی ئێران لە عێڕاقدا.
بابكه‌یی ده‌ڵێ ''دەكرێت جاریكیتر پرسی سوننەكان لەو وڵاتە بوروژێنرێت‌، دەشكرێت ئەو وورژاندنەش زێتر لەلایەن بەعسییەكان و پاشماوەكانی داعش بێت‌.''

ڕێبوار بابكەیی پێی‌ وایە، ڕەنگە سعوودیا و چەند وڵاتی دیكە لە پشت دەركەوتنی عێززەت دوورییه‌وه‌ بن، هۆكارەكەشی بۆ‌ قسەكانی دووری دەگێڕێتەوە، كه‌ هەمووی بە ئاڕاستەی دژایەتیكردنی نفووزی ئێران بووە، "سعوودیە دەتوانێت ئەو مەلەفە لە كاتی پێویستدا بجووڵێنێت، تەناتەت دەكرێت ئەلتەرناتیڤی هێزەكانی ئێستای سوننەكان بێت، كە پەرش و بڵاون، تەنانەت بەشێكیان پەیوەندیی ئاسییان‌ لەگەڵ ئیراندا هەیە و بوونەتە دۆستیشیان".

هەڵبژاردنی داهاتوو و گەمەی نێوان دوو وڵات
بەپێی راپرسییەك بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق، هادی عامری چانسی دەرچوونی زۆرە، وه‌ك په‌روێز رەحیمیش ده‌ڵێ، ئێران هەوڵ دەدات لە رێی هەڵبژاردنی ئەمجارەوە، ئەو لایەنەی لەژێر هەژموونی خۆیدان، براوەی ئەمجارە بن، "وڵاتانی زلهێز هەوڵ دەدەن لە رێی كورد و شیعە و سوننەوە، ململانێكیان لەسەر ساحەی سیاسیی عێراقدا بكەن، هەڵبژاردنیش بەشێكە لەو ململانێیە".

بەربژاركردنی هادی عامری وەك گریمانەیەك بۆ گرتنەدەستی جڵەوی دەستەڵات لە دوای هەڵبژاردنی داهاتووی عێڕاق، بابكەیی بە ئاماژەیەكی ناو دەبات، كەوا‌ ئێران دەرفەت نادات لە دوای هەڵبژاردنەكان، عێڕاق بەپێی پڕۆژەیەكی ئەمریكایی، سعوودیایی، عەبادی ببەنە دەرەوەی كاریگەریی هەژموونی ئێران و ئێران قبووڵی نییە عێڕاق بچێتەوە باوەشی وڵاتە عەرەبییەكان، كە سعوودیه‌ سەركردایەتییان بكات. دەشڵێ: "ئێران نەیشاردووه‌تەوە‌ پلانی هەیە بۆ چۆنیەتیی ئیدارەدانی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بە شێوەیەك‌ ئەنجامەكەی له ‌بەرژەوەندیی سیاسیی ئێران بێت. هادی عامری بێگومان بەربژێری ئێرانە، كە پێی وایە ئەو كەسە دەتوانێت نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییەكانیان بكات و دەتوانێت عێراق هەر لە بازنەی نفووزی ئێران بخولێنێنتەوه".

بابكه‌یی گوتیشی: "هەڵبژاردنی داهاتووی عێڕاق بۆ ئێران و ئەمریكا پرسێكی گرینگ و یەكلاكه‌رەوە دەبێت و، بۆ ئیدارەدانی ئەو پرسە ئەمریكا بە سیاسەتەكانی خۆی دەیەوێ له ‌بەرامبەر نفووزی ئێران بوەستێتەوە، واتە دەیەوێ بە ئامرازی سیاسی و دیپلۆماسییەوە عێڕاق دوور بخاتەوە لە نفووزی ئێران. ئەگەر ئەمریكا توانی ئەو ئامانجە بپێكێت، ئەوا ڕۆڵی هەرێمی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەم دەكاتەوە، بە تایبەتی لە پرسی سووریادا".

سەبارەت بە بارودۆخی داهاتووی عێراقیش، رێبوار بابكەیی، كاریگەرییە سیاسییەكان و ئەمنییەكان، هاوكات بوونی حەشدی شەعبی لەسەر پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانییەتی عێراق، هەروەها ناكارامەیی دەزگا دەستوورییەكان و‌ نەبوونی حوكمی دەستوور و یاسا لە عێڕاق، بە هۆكاری زیاتر تێكچوونی بارودۆخی وڵات ناو دەبات، هێماش بۆ ئەوە دەكات،‌ ئەم وڵاتە ڕووه ‌و هەلومەرجێك هەنگاو دەنێت، كە تیایدا نابەرقەراری سیاسی و تێكچوونی ڕەوشی ئەمنی لەخۆ بگرێت. بە دیوێكی دیكەش، حكوومەتی عێراق بۆ چەند ساڵی داهاتوویش بەپێی ئەو پێدراوانەی كە هەن، ناتوانێت ببێتە ئەو مەنزوومەیه‌ی كە ئۆقرەیی سیاسی و ئەمنی گه‌رەنتی بكات.

پەروێز رەحیمیش هێما بۆ ئەوە دەكات، كەوا لە بنەمادا عێراق وەك دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری بوونی نییە. لە لایەك ئێران، لە لایەكیش ئەمەریكا رایانگرتووە، ئەمەریكا دەیەوێ ئێران باڵادەست نەبێ و عێراق هەڵنەوەشێتەوە، هاوكێشەكانی رۆژهەڵات تێكنەچن، ئێرانیش بە جۆرێك لە تێكچوونی عێراق و هەڵوەشاندنەوەی دەكەوێتە بەر كەمبوونەوەی نفوزی و پەراوێزی جیۆپۆلەتیكی.
kdp-
Top