فازیل بەشارەتی: ھیچ لایەنێکی سیاسی ناتوانێ سوود لە دەنگەکانی پارتی ببینێت
فازیل بەشارەتی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پارێزگای سلێمانی- ھەڵەبجە، ڕایگەیاند: ”پارتی دیموکراتی کوردستان، وەکو لایەنێکی سیاسی تۆکمە بەیەکگرتووی ماوەتەوە، بێگومان بەگڕوتینێکی بەھێزەوە خۆی ئامادەکردووە بۆ ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق“.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی، ئەوەشی خستە روو، کە بەھۆی تێکشاندنی چەکردارەکانی داعش و حەشدی شەعبی و ھەنگاونان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دارایی، پێشبینی ئەوە دەکەن، لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان، دەنگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.
ئاشکراشی کرد، کە ھیچ حزبێکی سیاسی ناتوانێ سوود لە دەنگەکانی پارتی وەربگرێت، چونکە جەماوەری پارتی دیموکراتی کوردستان، پشت لە حزبە تێکۆشەرەکەیان ناکەن، بۆیە ئەوان گەشبینن بەوەی دەنگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەسنووری پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.
فازیل بەشارەتی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتیشی: ”ئێستا ناتوانین پێشبینی بۆ ڕێژەی کورسیەکانمان بکەین، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان، تاکە حزبێکە دەنگەکانی کەم ناکات، بۆیە دەنگەکانی پارتی لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان، زیاد دەکات“.
باسنیوز
