دوای قسەکانی شاناز ئیبراهیم بەرپرسێکی دیکەی یەکێتی پشتیوانی بۆ شاڵاو کۆسرەت ڕاگەیاند
دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاناز ئیبراهیم، لێپرسراوی کۆمیتەی ڕێکخستنەکانی دەرەوەی یەکێتی، لە وتارێکیدا دانانی شاڵاو کۆسرەت ڕەسووڵی بە ”بێڕێزیکردن“ لەقەڵەم دا و شاڵاو کۆسرەتیشی بە ”کەسێکی بێ ئەزموونی بەستەزمانی پاڵپشت و داکۆکیکاری سەرسەختی هاودید“ وەسف کرد.
ئەحمەد قەدەفەری، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی هەڵەبجەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕايگەیاند، شاڵاوی کۆسرەت ڕەسووڵ، مافی خۆیەتی پۆستی حزبی وەربگربت، چونکە ”ئەو گەنجێکە توانای ئەوەی ھەیە لەڕێگەی پۆستەکەیەوە خزمەتی چینی گەنجان بکات“.
جەختیشی لەوە کردەوە کە کۆسرەت ڕەسووڵ بە ئارەزووی خۆی، کوڕەکەی لە پۆستی بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەکێتی دانەناوە، بەڵکوو پێشنیاری مەکتەبی ڕێکخستنی جێبەجێکردووە“.
ئەو بەرپرسەی یەکێتی دەڵێ: ”ئەگەر شاڵاوی کۆسرەت ڕەسووڵ لە یەکێتی جیا بووبێتەوە، ھەقی خۆیەتی ڕەخنەی لێ بگیرێت، بەڵام ئەو تائێستا ئەندامی سەرکردایەتیی حزبەکەمانە، ھەروەھا پیادەی بەرنامەکانی یەکێتی دەکات، ھەر کاتێکێش لە پەیڕەو و پڕۆگرامی یەکێتی لای دا، ئەوکاتە ھەقی خۆیەتی قسەی لەوشێوەیە بکرێت“.
ئەحمەد قەدەفەری بە سەرسوڕمانەوە ئاماژەی بەوە کرد: ”نازانم بۆچی کاتێک شاڵاوی کۆسرەت ڕەسووڵ ئەو پۆستەی وەرگرت، ھەندێک کەس دەڵێن "بەزەییمان پێی دێتەوە"، لەکاتێکدا ئەو گەنجێکە و توانای ئیشکردنی ھەیە و دەتوانێت گەنج لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە“.
پێشتر مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پشتیوانیی خۆی بۆ دانانی شاڵاوی کۆسرەت ڕەسوڵ لە پۆستی بەرپرسی مەڵبەندی ٣ی هەولێری یەکێتی ڕاگەیاندبوو.
عەدنانی حەمەی میناش کە ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتییە، ئاشکرای کردبوو کە کۆسرەت ڕەسووڵ لەسەر پێشنیازی مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتی، کوڕەکەی لەو پۆستە داناوە.
باسنيوز
