بەھۆی تەقینەوەیەک لە خانەقین سێ کەس بوونە قوربانی
شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی ڕايگەیاند، کاتژمێر پێنجی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 12_4_2018، بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلی پاسەوانی سنووردا تەقیوەتەوە و بەو ھۆیەشەوە ”کەسێکیان لێ کوژراوە و دووانی دیکەش برینداربوون“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە تەقینەوەکە لە شوێنی فەرماندەیی گەرمیان ڕووی داوە کە ئێستا کراوەتە بارەگای حەشدی شەعبی و ”دەبووایە شوێنێکی پارێزراو بێت. گوتیشی: “شەقامەکە سەرەکییە و بە پێشی زانکۆی گەرمیاندا سەردەکەوێ بۆ ئەو شوێنە، بەڵام تەقینەوەکە بۆ زانکۆی گەرمیان دانەنراوە، بەڵکوو بۆ پاسەوانیی سنوور دانراوە“.
ڕوونیش کردەوە کە دۆخی ئەمنی خانەقین بەتایبەت دەوروبەری شارەکە، سەقامگیر نییە و ”مەترسی لەسەر ھاتوچۆی خەڵک ھەیە“.
دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر کە بەرپرسانی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایانگەیاندووە، لەلایەن گرووپێکی نێو حزبەکەیانەوە ئەنجام دراوە، کەرکووک، خانەقین و خورماتوو و چەندان ناوچەی دیکەی کوردستان کەوتووەتە دەست میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و تاوەکوو ئێستاش ئەو ناوچانە سەقامگیر نین.
باسنيوز
