یەکێتی پێنج بەرپرس و ئەندام کۆمیتەی خۆی دەرکرد
بەپێی ئەو بەڵگانەی کە لە میدیای فەرمیی یەکێتیدا بڵاو کراوەتەوە، لە دوو بڕیاری جیاوازدا کە ڕۆژانی ١٠ و ١١ی نیسانی ٢٠١٨ دەرکراوە، سێ کارگێڕی مەڵبەند و دوو ئەندامی کۆمیتەی حزبەکە “دەرکراون”.
هاوکات ئەوە ئاشکرا کراوە کە هۆکاری دەرکردنەکەیان بۆ پەیوەندیکردنی ئەو بەرپرسانە بە “لایەنێکی تر” و کارکردن بۆ لیستێکی دیکە دەگەڕێتەوە.
پێشتر مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە کۆبوونەوەی ڕۆژی ١-٤-٢٠١٨، بڕیاری ئەوەی دەرکرد کە هەر سەرکردە و بەرپرسێکی یەکێتی لایەنگیری لە بەرهەم ساڵح بکەن، لەنێو حزبەکەدا دەردەکرێن. لە ڕۆژی ٨ی نیسانی ٢٠١٨شدا ٨ جێگری بەرپرسی مەڵبەند و کارگێڕی مەڵبەند و ئەندامی کۆمیتە لە ڕیزەکانی یەکێتی دەرکران.
هەر لەبارەی دەرکردنی ئەو کەسانەوە، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاشکرای کردووە کە جگە لە دەرکردنیان، موڵک و ماڵی یەکێتییان لێ دەسەننەوە و مووچەی یەکێتیشیان لێ دەبڕن.
باسنيوز
