سەدر هەڕەشە لە سەرۆکی حـزبی بەعس دەکات

 سەدر هەڕەشە لە سەرۆکی حـزبی بەعس دەکات
رێبەری رەوتی سەدر هەرەشە لە سەرۆکی حزبی بەعسی عەرەبیی ئیشتیراکیی عێراقی دەکات و رایدەگەیەنێت، دەستگیری دەکەین.

رۆژی پێنجشەممە 12/4/2018، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە وەڵامی لایەنگرێکی رەوتەکەیدا، رایگەیاندووە، عزەت دوری، جێگری پێشووی سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی حزبی بەعس و سەرۆکی ئێستای حزبی بەعس ”کەمترە لەوەی گەل لێی بترسێ“.

موقتەدا سەدر هۆشداریی دەدا لەوەی ”سیاسییە گەندەڵەکان“ جارێکی دیکە کوشتنی عزەت دوری رابگەیەنن و وەک دەستکەوتێکی خۆیان لە بەرەبەری هەڵبژاردندا، باسی بکەن.

رێبەری رەوتی سەدر ئاماژەی بەوەش کردووە، کە دوای هەڵبژاردن، ”سوپای تایبەت“ بە گەڕ دەخەنەوە و عزەت دوری دەستگیر دەکەن یاخود دەیکوژن.

پێش چەند رۆژێک عزەت دوری، کە لە لیستی داواکراوانی عێراقییە، لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا، کە باسی لەوە دەکرد لە بەغدا تۆماری کردووە، هەڕەشەی لە حکوومەتی عێراق کرد و رایگەیاند، بە شۆڕشێکی میللیی بەهێز ”حوکمڕانیی بەکرێگیراوان“ دەڕووخێنێت.

دوای رووخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، زۆرینەی سەرکردەکانی بەعس کوژران یان دەستگیرکران، بەڵام عزەت دوری ناوە ناوە گرتەی ڤیدیۆیی و تۆماری دەنگی بڵاو دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، کە لەناو خاکی عێراقە.

تا ئێستا چەندین جار سەرکردە عێراقییەکان باس لەوە دەکەن، کە عزەت دوورییان دەستگیر کردووە و جارێکیش باسیان لەوە کرد، کە لە شەڕێکدا کوشتوویانە و دەمانچەیەکیشیان لە راگەیاندنەکان نیشان دا و گوتیان، ”ئەوە دەمانچەی عزەت دوری بوو“.









باسنيوز
Top