"لە ئەگەری شەڕدا نرخی نەوت خەیاڵی دەبێ"
دکتۆر سیروان عارەب، پسپۆڕی کەرتی نەوت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەرزبوونەوەی بەھای نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا بۆ دوو ھۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە، یەکێک لەو ھۆکارانە ئەوەیە کە نەوت یەکێکە لە سامانە گرنگەکانی جیھان و ئەگەرچی نرخەکەیشی لە ھەندێ حالەتدا دابەزێت، ئەوە گرنگیی خۆی لەدەست نادات و ھەموو جارێک ئەگەری بەرزبوونەوەی ھەیە، دووەم، پەیوەندیی بەو ئاڵۆزییانەی ناوچەکەوە ھەیە، ھەرکاتێک ڕەوشی جیھان ئاڵۆزیی تێکەوت و نێوان وڵاتان تێکچوو، بازاڕی نەوت لە سەرتاسەری جیھاندا گۆڕانکاری تێ دەکەوێت، ئێستا بە ھۆی ڕەوشی سووریاوە چەند ڕۆژێکە بازاڕی نەوت بەرەو ھەڵکشان دەچێت."
ئەو پسپۆڕەی کەرتی نەوت ڕوونی کردەوە: "ڕووسیا یەکێکە لە گەورەترین وڵاتی جیھان لە ڕووی بەرھەمھێنان و بەکارھێنانی سامانی سروشتیی نەوت و گازەوە، ئێستا دەبینین ڕووسیا بەشێکە لەو ململانێیەی ناوچەکە و سووریا، بە شێوەیەکی گشتی ئەو وڵاتانەی ئێستا کەوتوونەتە ململانێوە، ھەموویان کاریگەرییان لەسەر بەرھەمی نەوت ھەیە."
لەبارەی پێشبینی بۆ بەرزبوونەوەی بەھای نەوت لەوەی باس دەکرێت دەگاتە ئاستێک کە دوای جەنگی کەنداو بە خۆیەوە نەبینیوە، دکتۆر سیروان عارەب دەڵێ: "لە جەنگی کەنداودا پێشبینی دەکرا بەھای یەک بەرمیل بگاتە ٥٠٠ دۆلاریش، بەڵام ئێستا شەڕ نەبووە و ئەگەریش شەڕ ڕووی دا لە نێوان ھەر وڵاتێکی ناوچەکەدا بێت، بەھای نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە، چونکە کاریگەریی لەسەر ھەناردەکردنی بەرھەمی ڕۆژانە دەبێت. من، خۆم پێشبینی دەکەم لە ڕۆژانی دابێدا بەھای نەوت بەرز بێتەوە، بەڵام دەگاتە چەند ئەوە، پەیوەندیی بە ڕەوشی سیاسی و سەربازییەوە ھەیە، کە دەگەنە چ ئاستێک."
kdp-
