گوتەبێژی هاوپەیمانییەکەی بەرهەم ساڵح لە وەڵامی مەلا بەختیاردا: پارەیان لێ بڕاوە بۆیە وا دەکەن
دوای ئەوەی مەلا بەختیار، لە لێدوانێکیدا بۆ (دەنگی ئەمریکا) ڕای گەیاند، بناغەی شکستەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەرهەم ساڵحە و لەو کاتەی سەرۆک وەزیران بووە، حکوومەتی خستووەتە ژێر باری قەرزێکی زۆرەوە و ئەو قەررزەش وەک بارێکی قورس لەسەر کابینەکانی دوای کابینەی بەرهەم ساڵح ماوەتەوە.
ڕێبوار کەریم، گوتەبێژی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری کە بەرهەم ساڵح سەرۆکایەتیی دەکات، ڕايگەیاند: ”خەڵکی زیندوو شاھێدی بۆ کارەکانی بەرھەم لەو کاتەی لە حکوومەتدا بوو دەدەن کە چی کردووە، قەرز ھێنانە سەر حکوومەت چییە؟“.
گوتەبێژی هاوپەیمانییەکەی بەرهەم ساڵح لە وەڵامی مەلا بەختیار دەڵێ: ”ئەو قسانە ئاسایین، چونکە پارەیان لێ بڕاوە و دەستی ئەوانی لەناو داھاتی میللەتی کورد بڕیوە“.
لەبارەی ئەو قسەکانی مەلا بەختیار، کە باسی لە دەرکردنی ئەو کەسانە کردبوو کە لە ئۆرگانەکانی یەکێتین و کاریش بۆ لیستەکەی بەرھەم ساڵح دەکەن، رێبوار کەریم ڕايگەیاند: ”لە کەیەوە یەکێتی وای لێ ھاتووە ئەم جۆرە کەسانە ببن بە خاوەنی؟ یەکێتی ھی خەڵکی ڕاستەقینەی ناو یەکێتییە و ئەبێ کادیرەکانی یەکێتی خۆیان بڕیار بدەن، چونکە ئەوان لەناو یەکێتیدا پێگە و کەسایەتیی خۆیان ھەیە“.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە چارەنووسی ئەو کەسانە کرد کە بەهۆی بەرهەم ساڵحەوە دەردەکرێن و گوتی: ”بابەتێک بەناوی وەرگرتن نییە، داوا دەکەین لەناو حزبەکانی دیکە خۆیان بۆ باشترکردنی ئەم وڵاتە ئامادە بکەن“.
باسنيوز
