چەند چەکدارێکی داعش دەچنە نێو ژمارەیەک گوندی سنووری داقوق
هيوا رەشید، بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە داقوق ڕايگەیاند، ناوچەی هەفتەغار لە سنووری قەزای داقووق کە ناوچەیەکی کوردستانیی باشووری شاری کەرکووکە، بەهۆی ئەوەی پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستانی تێدا نەماوە لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، بوونەتە شوێنێک کە داعش تێیدا جموجۆڵی هەیە.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە شەوی رابردوو، ٦ چەکداری داعش، چوونەتە گوندی (فەریق)ی ناوچەی هەفتەغار و لەوێوە هێرشیان کردووەتە سەر خەڵکی گوندەکە.
ڕوونیشی کردەوە: ”چەکدارەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بە خەڵکەکەیان گوتووە، باوەڕ بە حەشدی شەعبی مەکەن“.
پێشتر ئەمیر خواکەرەم، قایمقامی داقووق ڕايگەیاندبوو، تائێستا ٣٠ گوندی دەوروبەری داقووق لەژێر مەترسیی ڕاستەوخۆی چەکدارانی داعش دایە و ئەو چەکدارانە بە ئارەزووی خۆیان لە گوندەکانی سنووری هەفتەغار دەجوڵێن و دەچنە بازاڕەکان و جموجۆڵ دەکەن.
باسنيوز
