فڕاكسیۆنی پارتی: ئومێد دەكەین پڕۆژەی چاكسازی بە ئاڕاستەی موزایەدەدا نەبهن
پڕۆژەیاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە (3-1-2018) لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستان كرا و، لە پەرلەمانیش ڕۆژی 28ی شوباتی ڕابردوو هاتە پەسەندكردن، بەڵام بە هۆی ناڕەزایەتییەوە، سەرۆكایەتیی پەرلەمان لەسەر داواكاریی فڕاكسیۆنەكان لە 4ـی مانگی ڕابردوودا یاساكەی گەڕاندەوە هۆڵی پەرلەمان و ئاڕاستەی لیژنەی یاسایی و دارایی كرایەوە بۆ هەمواركردنەوەی .
ئومێد خۆشناو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ سێشەممە، دووەمین كۆبوونەوەی راوێژكاریی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆك فڕاكسیۆنەكان لەگەڵ سەرۆكایەتیی لیژنەی یاسایی و دارایی ئەنجام دەدەین، ئەمەیش وەك زەمینەسازی و ئامادەكارییەكە بۆ دانیشتنی نائاسایی پەرلەمانی كوردستان تایبەت بە پرسی یاسای چاكسازی".
سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی دەشڵێ: "ئومێد دەكەین كۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئەنجامێكی هەبێت و بگەین بەو تێگەییشتنە هاوبەشەی جارێكی تر پەرلەمانی كوردستان كۆ ببێتەوە و لە زووترین كاتدا یاساكە پەسەند بكرێ، چونكە یاسایەكی زۆر گرینگە هەم لە بابەتی چاكسازی و هەمیش لە گەڕاندنەوەی داهاتێكی زۆر بۆ حكوومەت، تا بتوانێت لە كاتی خۆیدا مووچەی فەرمانبەرانی پێ بدات و هەوڵیش بدات هەروەك چۆن پاشەكەوتی كەم كردەوە، بە هیوای ئەوەین پاشەكەوت نەهێڵێ".
وەك خۆشناو گوتی:" ئومێد دەكەین هەموولایەك لەو كۆبوونەوەیەدا بە بیركردنەوەیەكی نشتیمانییانە و لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتیاندا بریار بدەن، بۆ ئەوەی بە زووترین كات كۆبوونەوەكە ئەنجام بدەین" .
لەبارەی مەترسیی موزایەدەكردن بەو یاسایەوە بۆ مەبەستی هەڵبژاردنەكان لەلایەن چەند لایەنێكەوە، ئومێد خۆشناو ئاماژەی دا: "هەر لایەنێك موزایەدە بكات، كارێكی زۆر خراپە و، ئومێد دەكەین كۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئەنجامێكی هەبێت و هیچ لایەن و فڕاكسیۆنێكیش ئەو بایەتە بە ئاڕاستەی موزایەدەدا نەبات".
kdp-
