بەرپرسێکی یەکێتی بەرهەم ساڵح بە ”فێڵکردن لە ڕێبازی مام جەلال“ تۆمەتبار دەکا
زیاد جەبار، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕايگەیاند: "بەھۆی ئەو بارودۆخەی سیاسییەی لە ھەرێمی کوردستاندا هەیە، بەتایبەتی لە شاری سلێمانی، پارت و لایەنەکان ڕووبەڕووی ڕەشبینی و نائومێدییەکی زۆر بوونەتەوە، چونکە بەشێکی زۆری خەڵکی باس لەوە دەکەن بەشداریی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق ناکەن، بێگومان جیابوونەوەی بەرھەم ساڵح، کاریگەریی لەسەر دەنگەکانی یەکێتی دەبێت، بەڵام ئێمە ئومێدمان بەوە ھەیە یەکێتی دوای ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، کۆنگرەی خۆی ببەستێت، ھەروەھا پاراستنی یەکێتی بۆ خۆمان و میللەتەکەشمان گرنگە".
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە بارودۆخی یەکێتی ”ھێندە خراپ نییە“ کە ھەندێک کەس بە شێوەی تەقلیدییانە باسی دەکەن. دەشڵێت: ”ڕەنگە ئەو کەسانە وابزانن یەکێتی مارانگەستە بووە، یان وابزانن ئەو کاتەی بزووتنەوەی گۆڕان لە یەکێتی جیا بووەوە، ڕووبەڕووی ترسێکی گەورە بووەتەوە و ئێستاش ھەمان ترسی ھەیە، بەڵام یەکێتی بارودۆخی زۆر باشە و ترسی لە ھیچ شتێک نییە".
ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئاماژەی بەوەش کرد: "ھەرچەندە یەکێتی شتی باشی کردووە، بەڵام ئەگەر شتێکی خراپی کردبێت، خودی بەرھەم ساڵح، بەشێکی گرنگی ناو پرۆسەکە بووە، چونکە کاریگەریی زۆری ھەبووە و ئەندامی مەکتەبی سیاسی و جێگری سکرتێری گشتی و ماوەیەکی زۆریش جێگری سەرۆکی حکوومەتی عێراق و چەند ساڵێکیش سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بووە“.
زیاد جەبار جەختی لەوە کردەوە کە بەرهەم ساڵح لە باشە و خراپەکانی ناو یەکێتیدا بەشدار بووە، بەڵام ”ھەموو ئەوانەی واز لە ڕیزەکانی یەکێتی دەھێنن، ھەوڵی ئەوە دەدەن، لە زوومی کامێراکانەوە، ئیشە باشەکانی یەکێتی بە موڵکی خۆیان بزانن و خۆیان دابماڵن لەو کارە خراپانەی کە ڕوویان داوە، ڕەنگە چەندین حاڵەتی جیاواز لە سەردەمی کابینەکەی بەرھەم ساڵحدا ڕوویان دابیت، کە خراپە بەسەر یەکێتی و میللەتەکەماندا شکابێتەوە، بەڵام بەختەوەرانە ئێستا خەڵکی ھۆشیارە و باوەڕی بە موزایەدەی سیاسی و ھات و ھاواری ھیچ کەسێک نەماوە".
بە بڕوای ئەو، هەر کەسێک ”خۆی بە خوێندکاری ڕێبازی مام جەلال“ بزانێت، ڕیزەکانی یەکێتی دەپارێزێت، بەڵام ”ئەوەی لە یەکێتی بچێتە دەرەوە، بە ھیچ شێوەیەک خوێندکاری قوتابخانەکەی مام جەلال نییە“. دووپاتیشی کردەوە: ”بەرھەم ساڵح ھیچ پەیوەندییەکی بە یەکێتی و ڕێبازەکەی مام جەلالەوە نییە و یەکێتی خاوەنی لیستێکی جیاوازە".
گوتیشی: ”قەبوڵی ناکەین بەرھەم ساڵح سەروەرییەکانی یەکێتی بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن بەکار بھێنێت، بۆیە ھەر کەسێک بەناوی مام جەلالەوە قسە بکات، ھیچ پەیوەندییەکی بە ڕێبازەکەی مام جەلالەوە نییە، بەڵکوو ئەوان فێڵیان لە ڕێبازەکەی مام جالال کردووە و ھیچ وەفایەکیان بەرامبەر ئەو متمانەیە نەبووە کە مام جەلال پێی دابوون".
باسنيوز
