حكوومەت دوو بڕیارى گرنگ لەسەر مووچەخۆران جێبەجێ دەكات
ھیوا فەرزندە ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، تایبەت بە (باس)ی راگەیاند، ھەر مووچەخۆرێک ئێستا پێناسەیەکی ئەلیکترۆنیی بۆ دروست کراوە، گوتی: “پڕۆفایلمان بۆ یەک ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار مووچەخۆر کردووە، ھەر یەکە و لە سیستەمێکی مەرکەزی داندراوە و پڕۆسەکەش تەواو بووە”.
روونیشی کردەوە، ئەگەر بەرپرسانی حکوومەت یان سەرۆک وەزیران بیانەوێت زانیاری لەسەر مووچەخۆرێک بزانن، بە چەند چرکەیەک زانیارییەکانی دەخرێتە سەر شاشە.
تاوەکوو ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٦ ھەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر لە سیستەمی تۆماریی بایۆمەتری تۆمار کراون و سیستەمەکەش بەردەوام دەبێت لە کارکردن.
ئاشکرای کرد، دوای ئەو قۆناخە، لە قۆناخی دووەمدا دەیانەوێت ئەو سیستەمە ببەستنەوە بە گەنجینەکان: «لەو قۆناخەدا دەمانەوێت ژمێریاریی ئەلیکترۆنی دروست بکەین بۆ گەنجینەکان، پێویست بە سیستەمی کۆن و لیستی مووچە ناکات، بەڵکوو ھەموویان دەخرێنە نێو سیستەمێکی مەرکەزی و لیستی مووچە بە ئەلیکترۆنی دەبێت”.
ئەفەندی جەخت دەکاتەوە، ئەو کارەی ئەوان خزمەتگوزارییەکی ئەلیکترۆنییە و بۆ وەزارەتی دارایی دابینی دەکەن.
سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری راشی گەیاند، پڕۆسەی بە ئەلیکترۆنی کردنی لیستی مووچە لە ماوەی داھاتوودا تەواو دەبێت و کاری پێ دەکرێت، گوتیشی: “ئەو سیستەمانە بەرنامە دەکەین کە لەسەر بنەمای داتای بایۆمەتری ھاتوون، پەنجەرەی تایبەتی ئەلیکترۆنی بۆ یەکەی ژمێریاریی ھەر وەزارەتێک دەکەینەوە، بۆیە دوای ئەوە بە قەڵەم و لیست و وەرەقە ئیش ناکەین و ھەمووی ئەلیکترۆنی دەبێت، کاتێک فەرمانگەیەک لیستێکی تەواو کردووە، لە ھەمان کاتدا لە گەنجینەش ئەو لیستە بوونی دەبێت و بەردەوامیش گۆڕانکارییەکان ئەبدەیت دەبنەوە”.
ئەو باس لە لایەنە باشەکانی ژمێریاریی ئەلیکترۆنی دەکات و دەڵێت: “دەتواندرێت بۆ ھەر فەرمانبەرێک حیسابێکی ئەلیکترۆنی بکرێتەوە، بۆ نموونە فەرمانبەرێک حەواڵەی ھەبێت لەگەڵ کۆمپانیاکانی مۆبایل یان بانکەکان لە ناوخۆ بێت یان لە دەرەوە، ئەوە ئەو فەرمانبەرە دەتوانێت مووچەکەی راستەوخۆ بگوازێتەوە سەر ئەو حیسابە ئەلیکترۆنییە، لایەنی تری باشیشی ھەیە کە بەکار کەوت ئەوکات دەردەکەوێت”.
باسنيوز
