ئومێد خۆشناو گفتوگۆیەکی سەرۆک بارزانی و عوسمان بایدەمیر ئاشکرا دەکات
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، گفتوگۆیەکی سەرۆک بارزانی و بایدەمیر ئاشکرا دەکات.
ئێوارەی رۆژی شەممە 7/4/2018، پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حزبەکەی و ئەندامێتیی عوسمان بایدەمیر، فەلەکناس ئوجا، بەردان ئۆزتورک و ئیمام تاشچیئەر، لە سەڵاحەدین لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، کۆ بوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک بارزانی و شاندەکەی هەدەپە تاوتوێی پرسەکانی پەیوەندیدار بە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوا و باکووری کوردستان و رەوشی ناوچەکەیان بە گشتی، کرد.
ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، کە لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبوو، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) باسی گفتوگۆیەکی سەرۆک بارزانی و عوسمان بایدەمیری کردووە.
ئومێد خۆشناو بەشێکی گفتوگۆکەی گێڕاوەتەوە و رایگەیاندووە، سەرۆک بارزانی بە عوسمان بایدەمیری گوتووە، ”ئەگەر کوردستان لە دڵی تۆیە، دڵنیابە تۆش لە دڵی ئێمەی“.
ئەو گوتەیەی سەرۆک بارزانی دوای لێدوانێکی عوسمان بایدەمیر دێت، کە لە پەرلەمانی تورکیا سەرۆکی پەرلەمان بە سووکایەتییەوە لێی پرسی، ”کوردستان لە کوێیە؟“ و ئەویش لە وەڵامدا، دەستی بۆ سەر دڵی خۆی برد و بە ئاماژەکردن رایگەیاند، ”کوردستان لەناو دڵی من دایە“.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە 7/4/2018، شاندەکەی هەدەپە بە سەرۆکایەتیی پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە و ئەندامێتیی عوسمان بایدەمیر، فەلەکناس ئوجا، بەردان ئۆزتورک و ئیمام تاشچیئەری پەرلەمانتارانی حزبەکە، بە سەردانێکی فەرمی، لەڕێی فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتیی هەولێرەوە، گەیشتە هەرێمی کوردستان.
دەقی نووسینەکەی ئومێد خۆشناو:
چما بایدەمیر دناڤ دلێ مەدایە؟
(ئومێد خۆشناو)
ڕێک دوو ساڵ پێش بوو،شاندی خوشک وبرایانمان لە باکوور تەشریفیان ھێنا بۆ باشووری وڵات.
لەوەی دوو ساڵ پێش و لەوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، بەشانازیەکی زۆرەوە یەکێک بووم لەو ھەڤاڵانەی لە پێشوازی ھەڤاڵانی باکوور بووم بۆ ھەولێری ھەمووان.
بەڵام بەداخەوە لەھەمان شوێن وبەھەمان مەبەست وێنەمان گرت.
لە وێنەی دووساڵ پێش لەنێوان دەمیرتاش و بایدەمیر،بۆ وێنە وەستام،لەوێنەی چەند ڕۆژ پێش تەنیا،بایدەمیر بوو،دەمیرتاش بەداخەوە لە زیندان بوو.
لەکاتی گرتنی وێنەکە،ووتم بەداخەوە ھەڤاڵ لەو وێنە دەمیرتاش لێرە نیە!.
لەوەڵامدا بایدەمیر ووتی،ئەوە چارەنوسی ھەموومانە!.
کاتێک بینیم فەلەک ناس ئوجا،ھاتە نێوانمان ووتی،ھەڤاڵ تا دەوڵەت نەبین،تۆو من و ھەموومان،چارەنوسمان ھەر زیندانە،لەبەر ئەوەی تا دەوڵەتمان نەبێ،کوردستان خۆی بۆمان زیندانە.
ھەروەھا لەدیدارو کۆبوونەوە لەگەڵ جەنابی سەرۆک،کاتێک لە خزمەت جەنابیان لە پێشوازی ئەو شاندە بووین،بینیم جەنابی سەرۆک وێڕای ستایش کردنی ڕۆڵی عوسمان بایدەمیر،فەرمووی ئەگەر کوردستان لە دڵی تۆیە،دڵنیابە تۆش لە دڵی ئێمەی....
ئیتر بژی یەکێتی کوردان.
بژی ئەوانەی ئارمانجیان بۆ خاک بۆ نیشتمان و بۆ گەل ڕوون و دروستە.
ھەرچەند باوەڕی تەواوم بەوە ھەیە،چ گەل و نەتەوە دوژمنی ئێمە نین.
واتە نەعەرەب نەفارس ونە تورک دوژمنی ئێمە نین،بەڵکو ئەوە ئێمەی کوردین خۆمان دوژمنی خۆمانین،بفەرموون سەیری لاپەڕەو دێڕەکانی مێژوو بکەن،بزانن چەندە خیانەتی ناوەخۆی و ناڕێکی ڕیزەکانمان زەرەرو زیانیان بەدۆزی ئێمە گەیاندوە،تازەترین نموونەی زیندوو خیانەتی خاک فرۆشی کەرکوکە،خۆ ئەگەر خیانەت نەبا،مومکین نەبوو،کەرکوک ھێمای مان و نەمانمان،دڵی کوردستان وا بەئاسانی داگیربکرێ.
کەوایە،ئەوانەی کوردستان لەدڵیانە،باشتر وایە ڕیزەکانیان ڕێکخەن و یەکێتی نەتەوەیی و نیشتیمانی بەھێز بکەن.
ھەڵبەت بایدەمیرو ھەموو ئەوانەی لەپێناو کوردستان بیر دەکەنەوە،لەدڵی ئێمەن و دڵی ئێمەشن.
bas news-
