گۆڕان: ئەو کارەی یەکێتی ئەنجامی دا خیانەتێکی گەورە بوو لە گەلی کورد

 گۆڕان: ئەو کارەی یەکێتی ئەنجامی دا خیانەتێکی گەورە بوو لە گەلی کورد
ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕای دەگەیەنێت، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ھەڵبژاردنی ڕابردوودا ”بەبێ ڕەچاوکردنی کوردایەتی“، دەنگەکانی بزووتنەوەی گۆڕانی پەرت کردووە.

دوای ئەوەی سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لێدوانێکیدا ڕای گەیاند، لایەنەکانی گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ لە ھەڵبژاردنی ٢٠١٣دا ٢٢ ھەزار دەنگیان بەفیڕۆ داوە، ”بەھۆی ئەوەی نەھاتنە ناو ھاوپەیمانێتییەوە“.

ھێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان لە لێدوانێکیدا رای گەیاند: ”سەعدی پیرە مافی ئەوەی نییە کوردایەتیمان پێ بفرۆشێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەو داتکاوە لەم بابەتە، ھەروەھا ئەو لەگەڵ چەند بەرپرسێکی دیکەی ناو یەکێتی پێمان دەڵێن، ئەمانە جارێکی دیکە ئومێد و متمانەی ھاووڵاتییانی کوردستان نین، ڕێگەش نادەین ئەوان باسی کوردایەتی بکەن، چونکە ئەو کوردایەتییەی ئەوان فرۆشتیان، وەک بینیمان دۆزی کوردیان بە کوێ گەیاند؟“.

بەرپرسەکەی گۆڕان باسی لەوە کرد، ئەوان لە کەرکووک زیاتر لە کورسییەکیان هێنابوو، بەڵام ”یەکێتی دەستکاریی دەنگەکانی ئێمەیان کرد، بەبێ ڕەچاوکردنی کوردایەتی و بێ ڕەچاو کردنی ئەوەی کورد لە کەرکووک کوسییەکی کەم دەکات، تەنھا لە پێناو لێدانی گۆڕان، دەنگەکانی ئێمەیان پەرتەوازە کرد، بۆ ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان کورسی نەھێنێت“.

ئەندامەکەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان، یەکێتی بە ”خیانەتکردن“ تۆمەتبار کرد و ڕای گەیاند: ”ئەوەی کە ئەوان کردیان، خیانەتێکی گەورەبوو لە گەلی کورد، چونکە لە پێناوی لێدانی ئێمە، دەنگەکانی ئێمەیان لە کەرکووک پەرتەوازە کرد“.










باسنيوز
Top