فەرماندەی بەسیج و باڵوێزی ئێران بەشداری كۆبوونەوەی هاوپەیمانی فەتح دەكەن
ئەمڕۆ یەكشەممە فەرماندەی بەسیج و باڵوێزی ئێران لە بەغدا بە ئاشكرا بەشدارییان لە كۆبوونەوەی هاوپەیمانی فەتحدا كردووە، كە میلیشیاكانی حەشدی شیعی لەخۆ دەگرێ و بەشداری هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق دەكات.
كەناڵی تەلەڤزیۆنی "ئەلعەرەبیە" لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كردووە كە ئەمڕۆ غولام حوسێن غەیب پەروەر فەرماندەی بەسیجی ئێران و ئیرەج جامعی باڵوێزی ئێران لە عێراق بەشدارییان لە كۆبوونەوەی گشتیی سەركردەكانی هاوپەیمانی (فەتح)دا كردووە، هەروەها چەند سەركردەیەكی سیاسی و سەربازیی تری ئێرانیش لە كۆبوونەوەكەدا بەشدار بوون. ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی كاتی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق، كە لە ئایاری داهاتوودا ئەنجام دەدرێت.
لەمبارەیەوە ئەحمەد خەفاجی چاودێری سیاسیی عێراقی بۆ كەناڵەكە گوتوویەتی "بەشداریكردنی ئەم بەرپرسە باڵا سیاسی و سەربازییانەی ئێران ئاشكرای دەكات كە تاران دەیەوێ جێپێی خۆی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراقدا پتەو بكات".
گوتیشی ئێستە ئێران دەیەوێ گوشاری زۆرتر بخاتە سەر حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران بۆ ئەوەی كار لەسەر سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی عێراقیش بكات.
خەفاجی دووپاتی كردووەتەوە كە ئێران بە ڕوونی و بێ پەردە دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەكانی عێراقدا دەكات، ئەمەش كار دەكاتە سەر ئەنجامەكان، كە بەپێی ئارەزوو و بەرژەوەندی ئێران دەبێت.
bas news-
