نێچیرڤان بارزانی و شاندێكی باڵای هه‌ده‌په‌ دۆخی كورد له‌ توركیا تاوتوێ ده‌كه‌ن

نێچیرڤان بارزانی و شاندێكی باڵای هه‌ده‌په‌ دۆخی كورد له‌ توركیا تاوتوێ ده‌كه‌ن


شاندێكی باڵای پارتی دیموككراتی گه‌لانی توركیا(هه‌ده‌په‌) سه‌ردانی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانیان كرد و بۆ كۆچی دوایی دلۆڤان ئیدریس بارزانی سه‌ره‌خۆشی خۆیان ئاراسته‌ی كرد.



ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە (7-4-3018)نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ‏پێشوازی لە شاندێکی پارتی دیموکراتی گەلانی تورکیا (هەدەپە) بە سەرۆکایەتیی ‏پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە و ئەندامێتیی ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی ئەو حزبە لە پەرلەمانی ‏تورکیا، كرد.‏

به‌پێی هه‌واڵێكی ماڵپه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لە دیدارێکدا خاتوو بوڵدان بەناو خۆی و ئەندامانی ‏هه‌ده‌په‌وه بۆ کۆچی ناوادەی خوالێخۆشبوو دلۆڤان ئیدریس ‏بارزانیی برای، سەرەخۆشی لە نێچیرڤان بارزانی کرد و هاوخەمیی خۆی دەربڕی و هیوای خواست ئەمە دوایین خەمیان ‏بێت.‏



لای خۆیه‌وه سەرۆک وەزیران سوپاسی هاوخه‌مییه‌كه‌یان کرد، هه‌روه‌ها پیرۆزبایی لە خاتوو بوڵدان کرد بەبۆنەی هه‌ڵبژاردنی وه‌ك هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په لە کۆنگرەی ئەم دواییەی حزبه‌كه‌یاندا و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی نوێدا بۆ خواست.



له به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا باس لە دۆخی کورد لە تورکیا کرا و هەردوولا ‏گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا بە ڕێگەی سیاسی و دیالۆگی ئاشتیانەوه دووپات کردەوە.



تاوتوێکردنی چەند پرسێكی په‌یوه‌ست به دۆخی ناوچه‌كه‌وه، تەوەرێکی دیکەی دیداره‌كه بوو.‏

bas news-
Top