قایمقامی شنگال: بە مەرج دەگەڕێینەوە
لە دوای خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەر، ئیدارەی شەرعیی شنگال بە هۆی هاتنی حەشد و هێزە عێراقییەكانەوە بۆ شارەكە، لە ناوچەكە نەمان و لە سنووری پارێزگای دهۆك كاروبارەكانیان ڕادەپەڕێنن لە ئێستایشدا حەشدی شەعبی و پەكەكە ئیدارەیەكی ناشەرعییان داناوە، بۆیە ماوەیەكە داوای گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعی بۆ شارەكە دەكرێت.
مەحما خەلیل، قایمقامی شارۆچكەی شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "داوای گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعیی شنگال كراوە بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ سەر دەوامی فەرمیی خۆمان، ئێمەیش چەند مەرجێكمان بۆ گەڕانەوە داناون، كە بریتین لە دەركردنی حەشدی شەعبی و پەكەكە لەشنگال و، پێویستە پێشمەرگە و سوپای عێراق بە هاوبەشی ئەمنییەتی ناوچەكە بپارێزن، ئەگەرنا ئێمە ئامادە نین لە ژێر دەستەڵاتی حەشد و پەكەكەدا بگەڕێینەوە بۆ شارەكە، چونكە پارێزراو نابین".
وەك خەلیل گوتی: "داوامان كردووە رێگاكان بكرێنەوە و ناوچەكەیش ئاوەدان بكرێتەوە و ئاوارەكان بگەرێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، چونكە ناكرێت ناوچەكە وێران بێت و خەڵكیش هەر لە ئاوارەییدا بێت".
ئەو هەروەها دەشڵێت: "جارێ چاوەڕێی كشانەوەی پەكەكە دەكرێت، بەڵام ئێمەیش چاودێری دەكەین و بزانین تا چەند ئەمە راستە، چونكە تەنیا باسی كشانەوەی بیانییەكان دەكرێت و ئەوانەی دیكە لەشنگال ماون".
kdp-
