ھاتوچۆی گەرمیان ھۆشداری دەداتە شۆفێران

 ھاتوچۆی گەرمیان ھۆشداری دەداتە شۆفێران
بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی گەرمیان، ھۆشداری دەداتە شۆفێران و ڕای دەگەیەنێت، کە بەکارھێنانی ڕێگای دووەمی کەلار ـ باوەنوور لەلایەن شۆفێرانەوە نایاساییە و تا بەشێوەیەکی فەرمی نەکرێتەوە، ھەر شۆفێرێک بەکاری بھێنێت، تووشی سزای یاسایی دەبێت.

نەقیب کارزان مەجید، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی گەرمیان، ڕايگەیاند: "سەرجەم شۆفێران ئاگادار دەکەینەوە کە رێگای دووەمی کەلار ـ باوەنوور، ئێستا بەشێوەیەکی فەرمی لەلایەن حکوومەت و دەزگا فەرمییەکانەوە نەکراوەتەوە، بۆیە بەکارھێنانی ئەو ڕێگایە لەلایەن شۆفێرانەوە نایاساییە تا بەشێوەیەکی فەرمی دەکرێتەوە".

گوتیشی: "ھەر شۆفێرێک سەرپێچی بکات و ئەو ڕێگایە بەکار بھێنێت، لە کاتی ڕوودانی ھەر ڕووداوێکدا خۆی بەرپرسیارە و تووشی سزای یاسایی دەبێت، چونکە بەکارھێنانی ئەو ڕێگایە ھەندێک جار دەبێتە ھۆی سەرلێشێواندنی ئۆتۆمبێلی بەرامبەر، بەمەش کارەساتی لێدەکەوێتەوە و مەترسی لەسەر ژیانی ھاووڵاتییان درووست دەبێت".









باسنيوز
Top