بەرپرسێکی کۆمەڵی ئیسلامی: جیابوونەوەی نەھزەکان کاریگەریی سلبی ھەیە

 بەرپرسێکی کۆمەڵی ئیسلامی: جیابوونەوەی نەھزەکان کاریگەریی سلبی ھەیە
بەرپرسێکی کۆمەڵی ئیسلامی ڕای گەیاند قەوارەکەی بەرھەم ساڵح، ناتوانێ جێگە بە کۆمەڵی ئیسلامی لێژ بکات. دانیش بەوەدا دەنێت کە جیابوونەوەی نەهزەکان کاریگەریی سلبی لەسەر حزبەکەیان هەیە.

بایز عەزیز، بەرپرسی ئەنجومەنی قەڵادزێی کۆمەڵی ئیسلامی، ڕايگەیاند: "جگە لە ئارام قادر، ھیچ سەرکردەیەکی دیکەی ناو کۆمەڵی ئیسلامی، نەچووەتە پاڵ قەوارەکەی بەرھەم ساڵحەوە و ئەوانەش لەگەڵ ئارام قادر وازیان ھێناوە، سەرکردە نەبوون، بەڵکوو کادیری ئۆرگانین و قەوارەکەی بەرھەم ساڵح ناتوانێت، جێگە بە کۆمەڵی ئیسلامی لێژ بکات، یان دەنگەکانی کۆمەڵ کەم بکاتەوە".

ئەو بەرپرسە باڵایەی کۆمەڵ ئاماژەی بەوەش دا: "ئەوانەی لە کۆمەڵ جیا بوونەتەوە، لە کۆنگرەی پێشوودا بەڵێنیی ئەوەیان دا حزب جیا نەکەنەوە و سەرقاڵی کاری ڕێکخراوەیی و بانگەواز بن، بەڵام دواتر ئەوان لەناو کۆمەڵی ئیسلامی ھاتنە دەرەوە، بێگومان ئەوانە بۆ خۆیان ئازادن، ئایا حزب جیا دەکەنەوە، یان دەچنە ناو حزبێکی دیکەوە، بەڵام جیابوونەوەکەیان بۆ ڕای گشتی و شەقامی ئیسلامی کاریگەری سلبی ھەبووە، چونکە ئەوان لەناو حزبێکی ئیسلامییەوە چوونەتە ناو حزبێکی دیکە و بێگومان ئەمەش جێگەی ھەڵوێستە لەسەر کردنە".

پێشتر سۆران سێوکانی، چاودێری سیاسی و توێژەر لە بواری ئیسلامی سیاسی، ڕايگەیاندبوو: "جیابوونەوەی بەشێکی زۆری نەھزەکان لە کۆمەڵی ئیسلامی، ھۆکارێکە بۆ ئەوەی کۆمەڵ ئەمجارە دەنگەکانی پێشووی نەھێنێتەوە، "بەتایبەتی لەناو شاری ھەولێر، دەنگەکانی کۆمەڵ بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم دەکات، چونکە قورسایی دەنگەکانی کۆمەڵ لە شاری ھەولێر بووە، نەوەکوو لە شارەکانی دیکەی کوردستان و گوتیشی: ”نەھزە کۆنەکانی ناو کۆمەڵ، بەشێکی زۆریان لەو حزبە جیا بوونەتەوە، بۆیە لە بەرانبەردا دەنگی کۆمەڵ دادەبەزێت".











باسنيوز
Top