رێکخراوێکی مافی مرۆڤ: لە عێراق کەمە نەتەوە و ئایینەکان جیۆساید دەکرێن
لە راپۆرتێکدا، کە میدیا عێراقییەکان ناوەڕۆکەکەیان بڵاو کردووەتەوە، رێکخراوی (حەمۆڕابی) بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاندووە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، %94ـی پەیڕەوانی ئایینی سابیئەی مەندائی لە عێراق کەمبوونەتەوە و %18ـی ئێزدییەکانیش وڵاتیان بەجێ هێشتووە یان بەهۆی شەڕە تائیفییەکانەوە کوژراون.
رێکخراوی حەمۆڕابی هەروەها رایگەیاندووە، کەمە نەتەوە و ئایینەکانی عێراق رووبەڕووی هەوڵی قڕکردن و جینۆساید دەبنەوە.
رێکخراوەکە ئاماژەی بە لێدوانێکی ئەگناتیۆس ئەفریمی دووەم، بەتریارکی سریانەکانی ئەرسۆدۆکس کردووە، کە رایگەیاندووە، %80 تا %90ـی مەسیحییەکان لە عێراق نەماون یان کوژراون و خەریکە مەسیحییەت لەو وڵاتە دەبێتە مۆزەخانە و شتێکی شوێنەواری.
بەهۆی باڵادەستیی گرووپە تیرۆریستی و چەکدارییە توندڕەوە مەزهەبییەکان لە عێراق، کەمە نەتەوە و ئایینەکانی ئەو وڵاتە رووبەڕووی گوشار و کوشتن و ئاوارەبوون دەبنەوە و حکوومەتی ئەو وڵاتەش، کە بەشێوەیەکی تائیفییانە بەڕێوە دەبرێت، توانای پاراستنی ئەو کەمە نەتەوە و ئایینانەی نییە.
دوای رووخاندنی رژێمی بەعسی عێراق لە ساڵی 2003، هەزاران هاووڵاتیی مەسیحی لە ترسی گرووپە توندڕەوە تائیفی و تیرۆریستییەکان، بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراقیان بەجێ هێشتووە و روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.
لە کوردستان پێچەوانەی عێراق و زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مەسیحییەکان لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و هەموو ئەو ئەرک و مافانەیان هەیە، کە هاووڵاتییانی کورد، تورکمان، عەرەب، موسڵمان، ئێزدی و کاکەیی هەیانە و لەسەریانە.
باسنيوز
