دوای پێدانی مووچەیەک مامۆستایانی سلێمانی دەست بە دەوام دەکەنەوە

دوای پێدانی مووچەیەک مامۆستایانی سلێمانی دەست بە دەوام دەکەنەوە
بەڕێوەبەری قوتابخانەکان لەگەڵ بەڕێوەبەری پەروەردەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا کۆبوونەوە و، بڕیاردرا مامۆستایان بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن و پرۆسەی خوێندن دەستپێبکاتەوە.

ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند ، بڕیاردرا مامۆستایان بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن و پرۆسەی خوێندن دەستپێبکاتەوە، بڕیاریشە لیستی مووچەی مامۆستایان ببرێتە گەنجینەکان بۆ ئەوەی رۆژی 4-4-2018 مووچەکانیان وەربگرن و لە رۆژی پێنجشەممەوە بگەڕێنەوە نێو هۆڵەکانی خوێندن.

بەکر محەممەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی لەبارەی هەنگاوەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە دوو رۆژە سەرقاڵی ئەوەین کە چۆن دەوام رێکبخەینەوە، دوێنێ بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی بەیاننامەیەکی دەرکرد، لە بەیاننامەکەدا باسی لەوەکرد کە دەبێت ناوەندەکانی خوێندن بکرێنەوە، هەر ئەمڕۆش بەیانیەکەی لەگەڵ سەرپەرشتیاران کۆبوونەوەی خۆمان کرد و دواتر لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانەکان کۆبووینەوە".

بەکر محەممەد، گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا را و سەرنجی خۆمانمان پێیان گوت، ئەوەمان پێگوتن چۆن و بەچ شێوەیەک ئەو چەند رۆژەی دەوام ماوە لەڕووی هونەری و کارگێڕییەوە چۆن بەڕێی بکەن، راو سەرنجەکانی ئەوانیش ئەوەبوو کە دڵنیاییان پێبدرێت کە مووچەیان پێبدرێت و بچنەوە دەوام، ئێمەش دڵنیامان کردنەوە، ئەگەر فریا بکەون ئەمڕۆ وەریبگرن بەیانی دەست بە دەوام دەکرێت، ئەگەر بەیانیش مووچەکە وەربگرن مومکینە هەر بەیانی دەوام بکرێت یاخود دوو بەیانی دەستدەکەنەوە بە دەوام".

بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد ، ئەوان کۆکن لەسەر ئەوەی ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بێت بەپێدانی مووچە و لەکاتی خۆیدا مووچە بدات، دەوام دەست پێدەکەینەوە، ئێمەش ئامانجمان دەستپێکردنەوەی دەوام و ئینجا وردەکارییەکانی دەوامی ئەو چەند رۆژەیە.

لە ئەگەری رانەسپاردنی مامۆستایان لەلایەن بەڕێوەبەری قوتابخانەکانەوە، بەکر محەممەد، دەڵێ: "تا ئەو ساتە بیرمان لە شتی وا نەکردووەتەوە، چونکە پێمانوایە بەڕێوەبەرە بەڕێزەکان خۆشیان لە مەترسی دۆخەکە گەیشتوون، خۆشیان دەزانن کە دەبێت دەرگای قوتابخانەکان بکرێتەوە".

سەبارەت بە قەرەبووی ئەو ماوەیەی لەدەستچووە بەتایبەت لە پارێزگای سلێمانی بەکر محەممەد، گوتی: "بەپێی رۆژمێری خوێندن 28ی 4 دوا وادەیە، بۆ تەواوبوونی ساڵی خوێندن و تاقیکردنەوەکان دەستپێبکات، وەکو هەولێر و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، بەڵام بۆ شاری سلێمانی دیارە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی دەسەڵاتی لە بەڕێز وەزیری پەروەردە وەرگرتووە، کە دەتوانێت چەند رۆژێک درێژی بکاتەوە، ئێمەش لە کۆبوونەوەی دوێنێ باسی ئەو بابەتەمان کردووە، ئێمە لە بری 28ی4، 14ی5 دەکەین بە دوا وادە بۆ کۆتاییهاتنی ساڵی خوێندن و، لە 14ی5وە تاقیکردنەوەکان دەستپێدەکات و تاوەکو 23ی 5 بەردەوام دەبێت".
rudaw -
Top