سەرکردەیەکی پارتی بۆ سەلیم شووشکەیی: ١٦ی ئۆکتۆبەر ئەوانە کردییان کە ئەمیرەکەت قورئانی پێدان

 سەرکردەیەکی پارتی بۆ سەلیم شووشکەیی: ١٦ی ئۆکتۆبەر ئەوانە کردییان کە ئەمیرەکەت قورئانی پێدان
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە توندی وەڵامی سەلیم شووشکەیی، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانی دایەوە کە باسی لە کشانەوەی پێشمەرگە لە ٥١٪ی خاکی کوردستان کردبوو و ڕای گەیاند: ”خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئەوانە کردییان کە عەلی باپیر قورئانی پێدان“.

سەلیم شووشکەیی لە وەڵامی فازڵ میرانیدا، تۆمەتی کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی لە ٥١٪ی خاکی کوردستانی بەرامبەر بە حەشدی شەعبی دایە پاڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کە فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسییەتی.

لە بەرامبەردا فازڵ بەشارەتی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی ڕایگەیاند، هەر کەسێک نکۆڵی لە خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بکات، ئەوە تێیدا بەشدارە و “خودی ئەوانەی خیانەتەکەیان کردووە، حاشای لێ ناکەن. تاوانەکەش ئەوەندە بچووک نییە کە کەس بتوانێ حاشای لێ بکات یان بدرێتە مل کەس و لایەنێکی دیکە“.

ڕوونیشی کردەوە، ئەوانەی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەریان کرد، لەلایەن عەلی باپیرەوە قورئانیان پێ درا و گوتی: ”ئەوە لە کوردەواریدا واتە خۆشی دەربڕین لە کارێک کە کرابێت، ئەو کارەش کە خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەر کردبوویان، تاوانی ١٦ی ئۆکتۆبەرە، بۆیە کۆمەڵی ئیسلامی و عەلی باپیریش بەو جۆرە خۆشحاڵیی خۆیان لەگەڵ ئەو گرووپە پیشان دا کە ئەو تاوانەیان لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام داوە“.

فازڵ بەشارەتی نەیشاردەوە کە ”سەلیم شووشکەیی خۆی دەزانێت قسەکەی درۆیە، ئەی چۆن خەڵکی باوەڕی پێ دەکەن بەوەی پارتی ١٦ی ئۆکتۆبەری کردبێ؟“.

دووپاتیشی کردەوە: ”پارتی شکۆی گەلی کوردستانی پاراست و ڕێگری لە لەدەستچوونی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان کرد و لە داستانەکانی (پردێ، مەحموودییە، سحێلا و مەخموور) ڕێگری لەو پیلانە کرد کە دژی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرا“.

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی پێیوایە، تاوانی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، ”پێش“ تاوانی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر دەستی پێکردووە و لە دژی هەرێمی کوردستاندا هەمیشە کاریان کردووە.











باسنیوز
Top