پەرلەمانتارێك: سەلیم جبووری ڕێگری لە کۆبوونەوەی تایبەت بە شنگال کرد
ئەمڕۆ دووشەممە 2/4/2018، موحسێن سەعدوون، پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕاگەیاند: "ئێمە داوامان كرد و تەنانەت ئیمزامان كۆ كردەوە بۆ ئەوەی كۆبوونەوەیەكی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە هەڕەشەكانی توركیا بۆ سەر شنگال ئەنجام بدرێت و هاوكات تاوتوێی دۆخی ناوچەكە بەگشتی بكرێت، بەڵام سەلیم جبووری، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕەزامەندیی نیشان نەدا بۆ ئەنجامدانی ئەو كۆبوونەوەیە".
گوتیشی: "ئێستاش بە هۆی پشووەوە كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراق وەستاون و ئەنجام نادرێن و سەرۆكی پەرلەمانیش رێگرە لە پێش ئەنجامدانی ئەو كۆبوونەوەیەی كە مەبەستمان بوو لەسەر دۆخی شنگال و هەڕەشەكانی حكوومەتی توركیا بۆ سەر ئەو شارە ئەنجام بدرێت".
ماوەیەکە حکوومەتی تورکیا و بەتایەبت ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری ئەو وڵاتە بە بیانوی بوونی چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەو سنوورە، بەردەوام هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر شنگال دەکات.
دوای هەڕەشەكانی حكوومەتی توركیا، میدیاكانی نزیك لە پەكەكە بڵاویان كردەوە كە گەریلاكانی پەكەكە لە سنووری شنگال دەستیان بە كشانەوە كردووە و ناوچەکانیان ڕادەستی حەشدی شەعبی سوپای عێراق کردووە و هەموو لۆگۆ و ئاڵاکانی پەکەکە هێنراونەتە خوارەوە.
باسنیوز
