بە هەمواری یاسای چاكسازی پاشەكەوتی مووچە نامێنێت

 بە هەمواری یاسای چاكسازی پاشەكەوتی مووچە نامێنێت
گفتوگۆ لەسەر پڕۆژە یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە ‌و دەرماڵەكان دەستپێدەكاتەوە، سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكانیش پشتیوانی تێپەڕاندنی یاساكە دەكەن، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت بە پەسەندكردنی پرۆژە یاساكە دەنگیان كەم دەكات، بەڵام پشتیوانی دەكەن.

بڕیارە رۆژی دووشەممە 2/4/2018 سەرۆكایەتی و دەستەی راوێژكاریی پەرلەمان بۆ دیاریكردنی دانیشتنێكی نائاسایی پەرلەمان كۆببنەوە، بۆ پێداچوونەوە بە‌ یاسای چاكسازی لە خانەنشینی، مووچە، دەرماڵە، بەخشین و ئیمتیازاتەكانی دیكە.

پڕۆژەیاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە ‌و دەرماڵەكان لە 27ی شوبات بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسەندكرا، بەڵام هەرزوو لەلایەن خەڵكەوە رەتكرایەوە. فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە رێگەی یاداشتەوە داوایان لە سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد واژۆی نەكات و جارێكی دیكە بیگەڕێنێتەوە پەرلەمان.

ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی پێیوایە بە پەسەندكردنی ئەم یاسایە، حكومەت هەنگاوێك لە كۆتاییهێنان بە قەیرانی دارایی نزیك دەبێتەوە. ئومێد خۆشناو بە (رووداو)ی گوت: "گەڕاندنەوەی یاساكە و دەستكاریكردنەوەی، بەشێكی دیكە دەبێت لە چاكسازییەكان، چونكە پێداچوونەوەی ورد بە لیستی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیدا دەكات و دوو مووچەیی بنبڕ دەكات، هەروەها پاشەكەوتی مووچە ناهێڵێ، چونكە نزیكەی 100 ملیار دینار بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە و بەمەش دەتوانرێت ئەو پاشەكەوتەی كە ماوە چارەسەر بكرێت".

ئومێد خۆشناو گوتیشی: "لەگەڵ چەند فراكسیۆنێك داوامان كردووە بڕگەیەك لە یاساكەدا جێگیر بكرێت بۆ گەرەنتیكردنی مووچەی پاشەكەوتكراوی فەرمانبەران و بۆیان بخرێتە سەر حیساب بانكی و لەو رێگەیەوە بتوانن باج و رسوماتەكانی حكومەت بدەن".

خۆشناو ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە داواكاریی سێ‌ گروپ هۆكار بوو بۆ ئەوەی پرۆژە یاساكە بگەڕێتەوە پەرلەمان: "ئێمە قسەی دوو گروپمان لەلا گرنگ نەبوو كە موزایەدەچی و كەسانێك بوون لە جێبەجێكردنی یاساكە زەرەرمەند دەبوون، بەڵام گروپێكی دیكە هەبوو كە جەماوەرێكی دڵسۆز ‌و دڵپاكە، ئەو داواكارییەی هەبوو، ئێمە بە قسەی ئەوانەمان كرد، پشتیوان بەخوا لە قازانجی ئەوانیش پڕۆژە یاساكە پەسەند دەكرێت".

پەرلەمانتارێكی یەكێتی پێیوایە بە تێپەڕاندنی ئەو یاسایە، لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگیان كەم دەكات، بەڵام سەرەڕای ئەوەش دەنگ بۆ یاساكە دەدەن. دلێر ماوەتی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند: "بەهۆی جێبەجێكردنی ئەو یاسایە، دەشێ‌ بەشێك لە دەنگەكانمان كەم بكات، بەڵام ئەگەر دەنگیشمان كەم بكات، ئێمە بە هەموو توانامان پشتیوانی دەكەین، چونكە لەو بڕوایەداین ئەوە خزمەتكردنە بە ئامانجە گەورەكەی یەكێتی كە بەدیهێنانی دادپەروەرییە لە مووچە ‌و مووچەی خانەنشینی".

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان باس لەوەش دەكات كە هێشتا لیژنەكانی دارایی ‌و یاسایی پەرلەمان بۆ هەمواری یاساكە كاریان نەكردووە، بەڵام بە رۆژێك دەتوانن گۆڕانكارییەكانی پرۆژە یاساكە ئامادە بكەن. گوتیشی: "پێشبینی دەكەم بەم نزیكانە ئەو دانیشتنەی پەرلەمان لەبارەی پرۆژە یاساكە بكرێت، چونكە دەرچوونی ئەو یاسایە بووەتە خواستێكی شەقام ‌و حیزبەكانیش".

بەگوتەی سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی كوردستان، حكومەت بۆ دابەشكردنی مووچە بە سیستمی نوێ، پێویستی بە 730 ملیار دینار دەبێت، بۆ دابینكردنی مووچەی تەواویش پێویستی بە نزیكەی 100 ملیاری دیكە دەبێت، ئەگەر یاساكە پەسەند بكرێ‌، ئیدی دەتوانرێت مووچە بەبێ پاشەكەوت بدرێ‌.

پێشتر حكومەت تەنیا 580 ملیار دیناری بۆ مووچە دابین دەكرد، بەڵام دواتر 151 ملیار دیناری دیكەی بۆ مووچە زیاد كرد كە 130 ملیار بۆ مەدەنی، 11 ملیار بۆ پێشمەرگە و 10 ملیاری بۆ وەزارەتی ناوخۆ بوو.

سۆران عومەر كە ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامییە، دەڵێت: "فراكسیۆنەكەمان داوا دەكات مووچەی زیندانیانی سیاسی نەبڕدرێت و بە دوو مووچەش بۆیان هەژمار نەكرێ، هەروەها پێشنیازیش دەكەین مووچەی پلە باڵاكان كەمبكرێتەوە و كەمترین مووچەی خانەنشینیش لە 300 هەزارەوە بۆ 400 هەزار دینار زیاد بكرێت".

بێستوون فایەق، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕانیش، باسی خواستی فراكسیۆنەكەیان دەكات و دەڵێ فراكسیۆنەكەیان داوای هەمواری بڕگەی سێیەمی یاساكە دەكات كە تایبەتە بە خانەنشینی پلە تایبەتەكان و داوا دەكات هاوتای یاسای خانەنشینی عێراق بكرێ، چونكە بە بڕوای ئەوان یەكسانی زیاتر لە یاسای خانەنشینی عێراقدایە.

یاسای چاكسازی لە خانەنشینی لە 24 ماددە پێكهاتووە، پەسەندكردنی مانگانە زیاتر لە 100 ملیار دینار بۆ حكومەت دەگەڕێنێتەوە. بەپێی یاساكە، كەمترین مووچەی خانەنشینان 300 هەزار دینار دەبێ.

بەهزاد زێباری، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان پێیوایە تێپەڕاندنی ئەو پرۆژە یاسایە لە پەرلەمان كارێكی ئاسان بێت، چونكە سەرجەم فراكسیۆنەكان، پشتیوانی دەكەن ‌و دەڵێت: "بە پەسەندكردنی ئەو یاسایە هیچ پاساوێك نامێنێ‌ بۆ هێشتنەوەی پاشەكەوتی مووچە، چونكە پارەی زۆر بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە، بەبڕوای من ئێستاش حكومەت دەتوانێ‌ پاشەكەوت لە مووچەدا نەهێڵێ‌".












روودو
Top