گۆڕان: شاسوار عەبدولواحید دەسەڵاتی هەبێ دەمانخانە سەر ساجی عەلی
ئەمیر حاجی کەمال، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان لە لێدوانێکیدا، ڕەخنەی لە باسکردنی نەوشیروان مستەفا لەلایەن شاسوار عەبدولواحید گرت و ڕای گەیاند: ”کەس ناتوانێ جێگەی نەوشیروان مستەفا بگرێتەوە، بۆیە شاسوار عەبدولواحید ھەر بانگەشەیەک بەوەوە بکات، مومکینە بۆ پێکەنین و بۆ خۆشی بێت و بۆ کۆمیدیای بێت“.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی گۆڕان، ”گۆڕانخواز“ەکان بە ”خۆنمایشکردن“ی شاسوار عەبدولواحید هەڵناخەڵەتێن و دەڵێت: ”شاسوار عەبدولواحید وەک ھەرزەکارێک حەز دەکا وا خۆی نمایش بکات و هەست دەکا سەرکەوتنەکەی لەوەدایە، بەڵام من وا ھەست دەکەم لە ھەڵەدایە“. گوتیشی: ”باوەڕ بەوە ناکەم کەس دوای ئەو باریقوبریقەی شاسوار عەبدولواحید بکەوێ، چونکە ئەو بۆ خۆی ناسراوە و ھەمووشمان دەیناسین، پێویست ناکات من بە چاکە و یان بە خراپە باسی بکەم“.
هەر لەمبارەیەوە پەیام ئەحمەد، ھەڵسووڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان، ئەندامی ئەندامی ژووری حکوومەت و پەرلەمان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”شاسوار عەبدولواحید، ھێرشەکانی خۆی بۆ سەر بزووتنەوەی گۆڕان چڕتر کردووەتەوە، ھەرچەندە تا ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان بە شێوەیەکی ڕاستەخۆ وەڵامی نەداوەتەوە، بەڵام ئەگەر بزانین لەو ھێرشانەی خۆی بەردەوام دەبێت، بێگومان بە شێوەیەکی توند وەڵامی دەدەینەوە".
ئاماژەی بەوەش دا کە شاسوار عەبدولواحید بەھۆی پشکەکانی (چاڤی لاند)ەوە پارەی خەڵکێکی زۆری لایە، بەڵام تا ئێستا ئەو کەسانە ھەقی خۆیان وەرنەگرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا ”ئەو سەرمایەدارە قەرزێکی زۆری حکوومەتی لایە و ئێستا قەرزەکانی حکوومەتیشی نەداوەتەوە، بۆیە ئەو جۆرە کەسانەی بە شێوەی ساختە پڕۆژە دەکەنەوە، تەمەنیان کورت دەبێت، دواجار ئەگەر کەسێک پارەی میللەت و حکوومەتی لا بێت، ئەبێ گەل چ ھیوایەکی لەسەر ھەڵچنن، بۆیە خەڵک ئەگەر بزانن کەسێک مێژوویەکی باشی نییە و بیکەن بە نوێنەری خۆیان، موستەحەقی ھەموو شتێکن“.
بەگوتەی پەیام ئەحمەد، "شاسوار عەبدولواحید، ھیچ دەسەڵاتێکی نەبووە، پارەی ئەو ھەموو خەڵکەی خواردووە و گەندەڵییەکی زۆری کردووە، ئەگەردەسەڵاتێکی باڵای ھەبێت، ھەموومان دەخاتە سەر ساجی عەلی".
ماوەی چەند ڕۆژێکە کەناڵی فەرمیی گۆڕان ھێرشێکی توندی بۆ سەر شاسوار عەبدولواحید دەست پێکردووە، بە جۆرێک بە سەرمایەدارێکی ھەڵتۆقیوی ناساندووە، هاوکات لە بەرامبەردا کەناڵی NRT کە شاسوار عەبدولواحید بانگەشەی فرۆشتنیشی دەکات، ڕۆژانە هێرشی جۆراوجۆر دەکاتە سەر گۆڕان.
باسنیوز
