سیروان بارزانی: سبەی رێگای هەولێر - مەخموور دەکرێتەوە
سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری هێزی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ- مەخموور، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی دووشەممە 2-4-2018 رێگای نێوان هەولێر- مەخموور دەکرێتەوە، کە ناسراوە بە رێگای بازاڕگە مەخموور، کردنەوەی رێگاکەش لە بەرژەوەندی هاونیشتمانیاندایە".
سەرپەرشتیاری هێزی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ- مەخموور دەڵێت: " بۆ کردنەوەی رێگاکە گفتوگۆ لەگەڵ هێزە عێراقییەکان کراوە و رەزامەندییان لەسەر کردنەوەی رێگاکە نیشانداوە".
بڕگەیەكی دانیشتنی رۆژی 20-2-2018ـی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر تایبەت بوو بە درێژەكێشانی داخستنی رێگاکانی هەولێر - کەرکووک و هەولێر- مەخموور. لە كۆبوونەوەکەدا بەكۆی دەنگ بڕیاردرا نووسراوێك بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بكرێت، تاوەكو بۆ كردنەوەی رێگاكان قسە لەگەڵ حكومەتی عێراق بكرێت.
لە 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 كاتێك حەشدی شەعبی و سوپای عێراق هێرشیان كردە سەر كەركووك و دەورووبەری، بەرەو هەولێر پێشڕەوییان کرد و لە پردێ لەگەڵ پێشمەرگە تووشی پێکدادان بوون، لەوکاتەوە رێگای هەولێر- كەركووك و هەولێر - مەخموور داخراون.
rudaw -
