سلێمانی؛ تەرمی منداڵە تەمەن سێ ساڵانەکەی کۆبانێ دۆزرایەوە

 سلێمانی؛ تەرمی منداڵە تەمەن سێ ساڵانەکەی کۆبانێ دۆزرایەوە
لە راگەیێندراوێکدا پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمە فریاگوزارییەكانی دیکە، تەرمی منداڵەكە رەوانەی پزیشكی دادی سلێمانی كراوە.

منداڵەكە ناوی "مستەفا عەلی" و تەمەنی سێ ساڵ بووە. خێزانەکەی پەنابەرن لە كەمپی ئاشتی لە نزیک شارۆچکەی عەربەت، ئەوان خەڵکی شاری كۆبانێی رۆژئاوای کوردستانن.

بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هاونیشتمانییەک کە سەرقاڵی کاری کشتوکاڵی بووە لە نزیک عەربەت، تەرمی مستەفای بینیوە و خانەوادەکەی ئاگادارکردووەتەوە.

پەیامنێری رووداو لە بەردەم پزیشکی دادی سلێمانی دەڵێت، دوای پشکنین تەرمی منداڵەکە رادەستی خانەوادەکەی کراوەتەوە، هێشتا هۆکاری مردنەکەی نەزانراوە، بەڵام کەسوکارەکەی ئەوە دەزانن خوێن بە جەستەیەوە بووە.

خاڵێکی مستەفا دەڵێت، تەرمەکە لەنێو زەوییەکی بە گەنم داچێندراودا دۆزراوەتەوە، کە نزیکە لە رێگای سەرەکی سلێمانی - شارەزوور.

عەلی عەبدی ماوەی سێ ساڵ و نیوە لە باشووری کوردستان پەنابەرە، دوێنی شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "کاژێر 13:00ـی رۆژی پێنجشەممە بۆ یاریکردن کوڕەکەم چووەدەرەوە، بەڵام لەوکاتەوە ونبوو، ئیدی نەگەڕایەوە".

عەبدی بەگریانەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، مستەفا کوڕی گەورەی بوو، لەو کەمپەدا لەدایکبووە و هێشتا نەیتوانیوە قسەبکات.

پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، هێزەكانیان لێكۆڵینەوەی وردیان لە رووداوەكە دەستپێكردووە.
rudaw -
Top