پیرە: لە بەرهەم ساڵح بپرسن بۆ ئەو کاتەی سەرۆکی حکوومەت بووی ئەم قسانەت نەدەکرد؟

 پیرە: لە بەرهەم ساڵح بپرسن بۆ ئەو کاتەی سەرۆکی حکوومەت بووی ئەم قسانەت نەدەکرد؟
گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوا دەکا لە سەرۆکی لیستی هاوپەیمانیی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بپرسرێت، ”بۆ ئەو کاتەی سەرۆکی حکوومەت بووی، ئەو قسانەت نەدەکرد؟”.

رۆژی یەکشەممە 1/4/2018، سەعدی پیرە، گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە پرێس کۆنفرانسێکدا رایگەیاند، لە مەکتەبی سیاسیی حزبەکەیان لە سلێمانی، کۆ بوونەوەتەوە.

سەعدی پیرە هەروەها رایگەیاند، کە لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی چەند تەوەرێکیان کردووە، وەک بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و خۆئامادەکردنی یەکێتی بۆ ئەو هەڵبژاردنە.

گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پێی وایە حزبەکان بە گشتی و یەکێتی بە تایبەت دەتوانێ لە کەرکووک و لەژێر سایەی داگیرکاریی حەشدی شەعبیدا، بانگەشەی هەڵبژاردن بکات و رێگرییان لێ ناکرێت.

سەعدی پیرە لەبارەی قەیرانی داراییەوە، رایگەیاند، کە ئەو قەیرانە بە چەند هۆکارێک دروست بووە و هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقیشی گرتووەتەوە و بریتین لە دابەزینی نرخی نەوت، شەڕی دژی ریکخراوی تیرۆریستی داعش و کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا.

گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژەی بەوەش کرد، کە نەجمەدین کەریم لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نەماوە و ئێستا تەنیا وەکو ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتییە.

سەعدی پیرە لەبارەی بەرهەم ساڵح، جێگری دووەمی پێشووی سکرتێری گشتیی یەکێتی، رایگەیاند، بەرهەم ساڵح وەکو قەشەیەک قسە دەکات و بەردەوام دەڵێت، ”من کەرامەتتان بۆ دەگێڕمەوە و من وا دەکەم“.

پیرە بە ئاماژەکردن بەوەی نایەوێ کاتی پێ بکوژێ، رایگەیاند، بەرهەم ساڵح، کە ئێستا سەرۆکی هاوپەیمانیی بۆ دیموکراسی و دادپەروەرییە، پێشتر بەرپرسیارێتیی گەورەی لە حکوومەت و یەکێتی هەبووە و ”پێموایە دەبێ لێی بپرسن ئەو قسانەی دەیکەی بۆ لەکاتی لە حکوومەت بووی نەتدەکرد؟“.

سەعدی پیرە پێی وایە لە کەرکووک لەمیانی جەژنی نەورۆزدا هەوڵی تێکدەرانە درا، کە دەکرێ ”کورد بن، حەشدی شەعبی یان لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بن“.












باسنيوز
Top