وەزارەتی دارایی دابەشکردنی مووچە بە سیستەمی نوێ لەگەڵ گەنجینەکان تاوتوێ دەکا

 وەزارەتی دارایی دابەشکردنی مووچە بە سیستەمی نوێ لەگەڵ گەنجینەکان تاوتوێ دەکا
بە مەبەستی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە سیستەمی نوێی پاشەکەوت و وردەکارییەکانی دیکە، کۆبوونەوەیەک لە دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت.



بەپێی زانیارییەکان کە لە دیوانی وەزارەتی داراییەوە دەستی کەوتووە، کاتژمێر ١١ی ئەمڕۆ یەکشەممە 1/4/2018، لە دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابووری، ڕێباز حەملان، وەزیری دارایی لەگەڵ بەڕێوەبەری سەرجەم گەنجینەکانی کوردستان، لە بارەی سیستەمی نوێی پاشەکەوتی مووچە کۆدەبێتەوە و پرسی دابەشکردنی مووچە و چۆنیەتی ئامادەکردنی لیستەکان بەپێی سیستەمە نوێیەکە تاوتوێ دەکات.



هەمان سەرچاوە ئەوەی بۆ (باسنیوز) ئاشکرا کرد کە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەوە دەدرێت کە ئاخۆ مووچەی مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٧ی فەرمانبەران دابەش بکرێت، یاخود ئەو مووچەیە پاشەکەوت بکرێت و مووچەی مانگی ١ی ساڵی ٢٠١٨ دابەش بکرێت.



ئەمە لە کاتێکدایە کە سەعد حەدیسی، گوتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی (سەباح جەدید) ڕای گەیاندووە: "بەغدا ٣١٧ ملیار و ٥٤٠ ملیۆن دینار بۆ ھەرێمی کوردستان دەنێرێت، پێویستە حکوومەتی ھەرێمیش لەو داھاتەی لە فرۆشتنی نەوت دەستی دەکەوێت، پارەکەی دیکە تەواو بکات".

بەھۆی بڕینی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە گرفت لە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ھەیە و لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ەشەوە سیستەمی پاشەکەوتکردنی مووچە لە ھەرێمی کوردستان کاری پێدەکرێت.



بەھۆی ئەو سیستەمەوە مامۆستایان و فەرمانبەران ناڕەزاییان دەربڕی و ھەفتەی رابردووش حکوومەتی ھەرێم رای گەیاند، دەستکاری سیستەمی پاشەکەوت کراوە و زۆرترین رێژە ٣٠% دەبێت و کەمترینیش ١٠%.



باسنیوز
Top