نووسەرێکی سەر بە بەرهەم ساڵح: مەلا بەختیار هەرزەکارێکی هاتوهاوارچییە

 نووسەرێکی سەر بە بەرهەم ساڵح: مەلا بەختیار هەرزەکارێکی هاتوهاوارچییە
نووسەرێکی سەر بە هاوپەیمانێتییەکەی بەرهەم ئەحمەد ساڵح، بە توندی هێرشی کردە سەر مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و بە ”هەرزەکارێکی هاتوهاوارچی“ وەسفی کرد.

ئاراس عەبدوڵا عەبدولکەریم، نووسەری سەر بە بەرهەم ساڵح لە ماڵپەڕ و پێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سەر بە بەرهەم ساڵحەوە، وتارێکی بەناونیشانی مەلا بەختیار، ئاشی ئاشووب، دەستگێڕ و دەمڕاستی تاڵانچییەکان) بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئەوەی ئاشکرا کردووە کە زۆرینەی سەرکردایەتیی یەکێتی، دەیانەوێ مەلا بەختایر لەپۆستەکەی دووری بخەنەوە و ”لەناو یەکێتی ھانی ھانی زۆری لەسەرە“.

هاوکات بەرامبەر بە وتارەکەی مەلا بەختیار کە پێشتر لەبارەی بەرهەم ئەحمەد ساڵحەوە نووسیبووی، نووسەرەکەی سەر بە بەرهەم ساڵح دەڵێت: ”مام جەلال ئەوێ ڕۆژێش دەیزانی، حکوومەت بە سیاسیی ھەرزەکار و ھاتوھاوارچیی وەک مەلا بەختیار ناکرێ و لەسەدەی بیستویەکەمدا و لەناو کۆمەڵگەیەکی زۆرینە ئیسلامدا، کێشەکەی شەڕی گۆشتی بەراز و گۆشتی حوشترە“.

بە گوتەی ئەو نووسەرە، کێشەی مەلا بەختیار لەگەڵ مام جەلالە و دەڵێت: ”لەبەرئەوەی پێدەچێت ئەو پیاوە بۆ ئەبەد بایەخی جەلال تاڵەبانی بۆ بەرھەم ساڵح لەدڵ دەرنەچێت، ھەر بۆیە لەیەکەمین ھەفتەی دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال، مەلا بەختیار لە کۆبوونەوەیەکدا کە لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای مەکتەبی ڕێکخستن ئەنجامی دا و لەیەکەمین قسەیدا دەستی ڕاکێشا بۆ وێنەی مام جەلال، کە لەپشت سەری بوو گوتی، ھەموو کێشەکانی یەکێتی، سەرچاوەکەیان ئەو پیاوە بوو، ئەو دروستی کردن و ئەو ڕێگەی نەدا چارە بکرێن“.

هەر لە نووسینەکەدا، ئاراس عەبدوڵا، مەلا بەختیاری بەوە تۆمەتبار کردووە کە ”وەک چۆن سەرکردایەتیی شەڕی بەریەککەوتنی گۆڕان و یەکێتی کردووە“، بە هەمان شێوە گەرەکیەتی ”ھەمان ئاگری دووبەرەکی“ لەنێوان ھاوپەیمانییەکەی بەرهەم ساڵح“ و یەکێتی ھەڵبگیرسێنێ.

پێشتر لە وتارێکدا مەلا بەختیار ئەوەی ئاشکرا کرد کە بەرهەم ئەحمەد ساڵح کاتی خۆی بە مەرجی مووچەی 50 هەزار دۆلاریی مانگانە و ڤێلایەک، داوایەکی مام جەلالی قەبوڵ کردووە و بە کەسێکی لەقەڵەم دا کە نایەوێ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێت.












باسنيوز
Top