سەرکردەیەکی یەکێتی: دەبێ کۆمیسیۆن لێپرسینەوە لەو حزبانە بکات کە پێش وادەی هەڵبژاردن بانگەشە دەکەن
حەمە چاوجوان، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانی لە گەرمیان لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنەکانی گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو لە خۆپیشاندانەکاندا ڕای گەیاند: "هێشتا کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێ نەکردووە و حەقە کۆمیسیۆن لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو لایەنانە بکات، کە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دەچنە شوێنان، چونکە پێموایە ئەوەی لەناو حکوومەتدا بووە، بەرپرسە لە کێشەکانی ناو حکوومەت".
لەبارەی ڕەخنەکانی گۆڕان، کۆمەڵ و لیستەکانی دیکە لەسەر یەکێتیی نیشتمانی، ئەو بەرپرسەی یەکێتیی نیشتمانی گوتی: "هەندێک ڕەخنە هەیە ئیشیی ئەوان نییە"، ڕوونیشی کردەوە، کە یەکێتی نایشارێتەوە کێشەی ناوخۆی هەیە، هەرچەندە لەوانەیە جیاواز بین و نەتوانین وەک حزبەکانی دیکە کێشەکان دابپۆشین، بەڵام سەرەڕای ئەوانەش کێشەکان نەبوونەتە هۆی ئەوەی لە بەرامبەر بابەتەکاندا کەمتەرخەم بین، چونکە کشانەوە لە حکوومەت مانای ئەوە نییە شتێکی باش بێت، ڕەخنەکانی گۆڕان و کۆمەڵ لەبەر ئەوەیە خۆیان لە حکوومەت کشاونەتەوە".
ئەو بەرپرسەی یەکێتی لە سنووری گەرمیان باس لە مانەوەی بەرپرسەکانی گۆڕان و کۆمەڵ لە دامودەزگاکانی حکوومەتدا دەکات و دەڵێت: "ئێستا قایمقامی کەلار گۆڕانە و بەرپرسی گۆڕان و کۆمەڵ لە شوێنەکانی دیکەش هەن، باشە ئەی ئەگەر ئەوان لە حکوومەت کشاونەتەوە بۆ تا ئێستا ئەو بەرپرسانە نەکشاونەتەوە؟، من پێموایە ئەوەی ئەمڕۆ گۆڕان و کۆمەڵ دەیکەن، بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە و خەڵکیش وشیارە".
لەبارەی ئەوەی ئایا گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو بەرپرسن لەو کەموکوڕییانەی ئێستا لەناو خەڵک باسی دەکەن، حەمە چاوجوان ئاشکرای کرد: "بۆ بەشێک نین؟، ئەگەر ئێمە وەزیرمان هەبێ، ئەوا ئەوانیش هەیانبووە، مەگەر لەم کاتەدا کشابێتنەوە، لە شوێنەکانی دیکەش بەرپرسیان هەیە، ئیتر بۆ ئەوان بەرپرس نین و ئێمە لە ئاستی کێشەکان بەرپرسین؟، بۆیە چەند هەوڵی خۆڵکردنە چاوی خەڵکیش بدەن، ئەوا ئەو بەرپرسانە لەلای خەڵک ناسراون".
ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات: "بۆ ئەو کاتەی ئەوان لە حکوومەتدا بوون بەرگریان لە حکوومەت دەکرد، ئێستا نازانین بۆ بە شێوەکی دیکە قسە لەسەر حکوومەت دەکەن؟".
باسنیوز
