سەرکردەیەکی گۆڕان: سروە عەبدولواحید دەزانێ شاسواری برای چۆنە بۆیە بێدەنگە

 سەرکردەیەکی گۆڕان: سروە عەبدولواحید دەزانێ شاسواری برای چۆنە بۆیە بێدەنگە
سەرکردەیەکی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان ڕای دەگەیەنێت، ڕەخنەکانی شاسوار عەبدولواحید، بۆ سەر بزووتنەوەی گۆڕان، ”بنەماڵەکەی خۆی و خەڵکیشی ئیحراج کردووە“ و هۆکاری بێدەنگییەکەی سروە عەبدولواحیدیش ئاشکرا دەکات.

نزار محەمەد، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی و بەرپرسی مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای ھەڵەبجە ڕایگەیاند: "شاسوار عەبدولواحید، سەرمایەدارێکی گوماناویی شکستخواردووە و کاتێکیش ڕەخنەی توند ئاڕاستەی بزووتنەوەی گۆڕان دەکات، ئامانجی ئەوەیە لە شاری سلێمانی دەنگی پارت و لایەنە سیاسییەکانی دیکە بۆ جووڵانەوەکەی خۆی ڕابکێشێت، ھەروەھا دەیەوێت دژایەتیی بزووتنەوەی گۆڕان بکات، بۆ ئەوەی دەنگەکانی ئێمە بۆ خۆی بەرێت، بەڵام خۆشبەختانە ھیچ لایەنگرێکی ناو گۆڕان نییە و کەس نییە پشتگیری لە جووڵانەوەکەی ئەو سەرمایەدارە بکات، کە گومانێکی زۆر لە خودی خۆی و سەرمایەکەشی دەکرێت".

ئەو سەرکردەیەی گۆڕان گوتیشی: "ھەرچەندە شاسوار عەبدولواحید، ھێرشەکانی بۆ سەر بزووتنەوەی گۆڕان چڕتر کردووەتەوە، بێگومان پیاوێکی کامڵ نییە و سیاسییەکی ھەرزەیە و بێگومان کاتێک بەو شێوەیە تۆمەت بۆ لایەنێکی سیاسی دروست دەکات، خەڵک و بنەماڵەکەی خۆشی ئیحراج دەکات“.

لەبارەی هەڵوێستی سروە عەبدولواحید لەسەر شاسوار عەبدولواحیدی برای، ئەو سەرکردەیەی گۆڕان دەڵێت: ”سروە عەبدولواحید تا ئێستا خۆی بە ھەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان دەزانێت و تا ئێستاش نەچووەتە بەرەی شاسوار عەبدولواحیدەوە، بێگومان کاتێک سرەوە عەبدولواحید بەرامبەر بە شاسوار عەبدولواحید، بێدەنگیی ھەڵبژاردووە، دەزانێت پیاوێکی چۆنە، بۆیە بێدەنگە".

نزار محەمەد ئاماژەی بەوەش دا: "شاسوار عەبدولواحید کەسێکی گەندەڵە، چونکە کۆمپانیایەکی ھەیە کە کۆمپانیاکەی ناشەفافە و جگە لە پارەی حکوومەت، پارەی ھەزاران ھاووڵاتیی لەلایە، بۆیە ئەگەر کەسێک کۆمپانیایەکی ئاوا بە گەندەڵی بۆ بەڕێوە بچێت، ئەگەر ئەم وڵاتەشی بەدەستەوە بیت، وەکوو کۆمپانیاکەی لێ دەکات".

ئەو بەرپرسەی گۆڕان باسی لەوەش کرد: "شاسوار عەبدولواحید پارەیەکی زۆری خاوەن پشکەکانی چاڤیلاندی لایە و جگە لەوەش گومانێکی زۆر لە سەرچاوەی سەرمایەکەی دەکرێت، ھەروەھا ھەموو ئەو شتانەی لە شارەوانیی سلێمانی و حکوومەتی وەرگرتووە، ئێستا ڕووبەڕووی قەرزێکی زۆر بووەتەوە، بۆیە ئەگەر بۆ دوای ھەڵبژاردنەکان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، حیساباتی خۆی لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید بکات، دڵنیام ئەو سەرمایەدارە ھاوشێوەی سەرمایەدارەکانی دیکە مایە پووچ دەبێ و لە کوردستاندا ڕادەکات".











باسنیوز
Top