كۆمیسیۆنی باڵا راگهیهندراوێك له بارهی كارتی دهنگدان بڵاودهكاتهوه
وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دوێنێ چوارشەممە، وردەكاریی سیستمی نوێی مووچەی خستە ڕوو، كە ئەگەر فەرمانبەرێك مووچەكەی بریتی بێ لە ٨٤٠ هەزار دینار، ئەوا بە سیستمی ئێستای پاشەكەوت تەنیا ١٨%ی لێ دەبڕێ و بڕی ٦٨٨ هەزار دینار مووچە وەردەگرێ، لە هەمان كاتدا ئەگەر فەرمانبەرێك مووچەكەی بریتی بووبێ لە ملیۆنێك و ٥٠٠ هەزار، ئەوا بە سیستمی ئێستا ٢٣%ی لێ پاشەكەوت دەكرێ و بە بەراورد لەگەڵ رابردوودا، ٥٠٣ هەزار دیناری بۆ دەخرێتەوە سەر مووچەكەی.
ئیسماعیل هەورامی، مامۆستا و توێژەری كۆمەڵایەتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كەمكردنەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران و كاركردن بۆ نەهێشتنی پاشەكەوتەكە لەلایەن حكوومەتەوە، بڕیارێكی ئەرێنی و دڵخۆشكەر بوو، بۆیە داواكارین حكوومەتەكەی خۆمان لە هەوڵدا بێت كە هەموو 30 ڕۆژ جارێك مووچەی فەرمانبەران خەرج بكات، تاوەكوو دۆخی خوێندنگاكان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان بە گشتی بگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی".
هەورامی دەڵێت: "چەند حیزبێكی سیاسی لە هەوڵدا بوون بۆ بەكارهێنانی ناڕەزایەتیی فەرمانبەران بۆ مەرامی سیاسیی خۆیان، بۆیە پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت لە چارەكردنی پاشەكەوتی مووچە تاوەكوو هیچ لایەن و گرووپێك نەتوانێت سواری شەپۆلی داوای فەرمانبەرانی كوردستان ببێت، كە ئێستا تەوژمی حزبە ئیسلامییەكان و چەند حیزبێكی تر، بە ڕوونی بە خۆپێشاندانەكانەوە دیارە".
ئەو مامۆستایە دەشڵێت: "بە كەمكردنەوەی ڕێژەیەكی بەرچاو لە پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران، دۆخی هۆڵەكانی خوێندن ئاسایی دەبێتەوە، چونكە لە سیستمی نوێی مووچەدا زۆربەی داوای مامۆستایان و سەرجەم فەرمانبەران لە بەرچاو گیراون".
هەنگاونان بۆ نەهێشتنی پاشەكەوتنی مووچە، ڕاستەوخۆ كاریگەریی لەسەر بازاڕ و خاوەنكارەكان دەبێت، لەو بارەوە، فەرمان قادر، خاوەنكار لە شاری سلێمانی، گوتی: "دەستكاریكردنی سیستمی مووچە كە لە بەرژەوەندیی هاوڵاتیانی كوردستاندا بوو، دڵخۆشی كردین، چونكە ئەوە بۆ ماوەی 3 ساڵ دەڕوات ئێمە لە بازاڕی سلێمانی ڕۆژانە كارەكانمان لاوازتر دەبن بە هۆی پاشەكەوتێكی زۆر لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەوە، بۆیە لە ئێستادا ئێمەیش بە گەشبینییەوە دەڕوانینە هەنگاوەكانی حكوومەت كە گەرموگڕی بگەڕێتەوە بۆ كارەكانمان".
فەرمان قادر گوتیشی: "ئێمەی كاسبكاران، كارەكانمان بەستراوەتەوە بە مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی حكوومەتەوە، لە ئێستاشدا كە داهاتی فەرمانبەرانی كوردستان بەرز بكرێتەوە، دڵنیاین ئێمەش وەك كاسبكاران لە بازاڕ سوودی باشمان پێ دەگات".
هاوكات، سەركۆ یوونسی ئابووریناس، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "سیستمی نوێی مووچە، تاڕادەیەكی باش دادپەروەری پێوە دیارە، بۆ دۆخی ئێستای كوردستانیش گونجاوە كە مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی كوردستان بە ڕێژەیەكی بەرچاو زیاد دەكات و بەرەو كۆتایی پاشەكەوتی مووچە دەڕۆین، بۆیە دەتوانین بڵێن داهاتی تاك لە كوردستان بەرز دەبێتەوە و ڕاستەوخۆش قەبارەی پارە لە بازاڕ زیاد دەكات و بەم زووانە گەرموگوڕییەكی زۆر باشیش بۆ بازاڕ دەگەڕێتەوە".
سەركۆ دەشڵێت: "لە ڕۆژانی داهاتوودا لە كوردستان پرۆسەی بازرگانی و هاوردە و هەناردە زۆر زیاد دەكات، بۆیە كاتێك داهاتی تاك لە وڵات بەرز دەبێتەوە، ڕاستەوخۆ كاریگەریی بەرچاوی بەسەر بازاڕەوە دەبێت، زیادبوونی قەبارەی بازرگانییش، ئەوەمان پێ دەڵێت، كاتێك مووچە بۆ فەرمانبەران زیاد دەبێت، بازرگانان و كاسبكارانیش بازاڕیان دەبووژێتەوە".
لەبارەی هێشتنەوەی پاشەكەوتی پلەباڵاكان وەك خۆی، ئەو ئابووریناسە دەڵێت: " حكوومەتی هەرێمی كوردستان 75%ی مووچەی پلەباڵاكانی پاشەكەوت كردووە، كەمنەكردنەوەی پاشەكەوتەكەیش، دەریدەخات كە ئەو بڕیارەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دادپەروەرییەكی تەواوی پێوە دیارە".
حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ساڵی 2015ـدا بە هۆی بڕینی بودجەی كوردستان لە بەغدا و شەڕی تیرۆریستانی داعش و دابەزینی داهاتی نەوتەوە بۆ خوار 20 دۆلار، پاشەكەوتی ناچاریی مووچەی بۆ فەرمانبەرانی ڕاگەیاند، ڕۆژی 27-3-2018ـیش سیستمی نوێی مووچەی خستە ڕوو كە لە بەرژەوەندیی كۆی فەرمانبەرانی كوردستانە.
kdp-
