شارەوانیی خورماتوو دەیەوێت بارەگای حزبە كوردستانییەكان بفرۆشێت

 شارەوانیی خورماتوو دەیەوێت بارەگای حزبە كوردستانییەكان بفرۆشێت
بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی خورماتوو دەیەوێت بارەگای حزبە كوردستانییەكان كە وەك خۆیان ئاماژەی بۆ دەكەن زەوییەكانیان دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، بفرۆشێت.

بە گوێرەی نووسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی خورماتوو و تایبەت دەركراوە بۆ فرۆشتنی بارەگای حزبە كوردستانییەكان و نووسراوەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، زەوی هەر یەك لە مەڵبەند و حزبی شیوعی و فەرمانگەی هەواڵگری كە (بارەگای پارتی) بووە تا پێش 16ی ئۆكتۆبەر، دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی کە دەكەوێتە چوارچێوەی شارەوانیی خورماتوو و شوێنەكانیان دەكەونە شوێنی باشەوە، بۆیە شارەوانی پێویستی بە داهاتی زیاترە، بۆیە پێشنیار دەكەین كە ئەو زەوییانە بە تاپۆ بكرێن (واتە بە ناو هاووڵاتییانەوە بكرێن).

بە گوێرەی ئەو نووسراوە بێت، شارەوانیی خورماتوو دەیەوێت بارەگای حزبە كوردستانییەكان بفرۆشێت.

لەم بارەیەوە، ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی لێژنەی ناوچەی پارتی لە خورماتوو لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبووك) ئاشکرای کردووە: "هەر كەسێک بارەگای ناوچەمان بفرۆشێ، یاخود بیكڕێ لە ئایندەدەا خۆی زیان دەكات".

لە دوای داگیركردنی شاری خورماتوو لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017، بەڕێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەتكاری ناو یەكێتیی، جگە لەوەی كوردانی شارەكە ئاوارەبوون و زیانی گەورەیان پێگەیەنرا لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە، ئێستا حەشدی شەعبی لە رێگای شارەوانییەوە دەیانەوێت بارەگای حزبە كوردستانییەكان بفرۆشن.









باسنيوز
Top