مەلا بەختیار دەستخۆشی لە ھەنگاوی حکومەت دەكات بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە
مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەکێتی ڕایگەیاند ئەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ چارەسەرکردنی موچەی فەرمانبەران کردوویەتی، جێگەی دەستخۆشیە. گوتیشی ھەر کاتێک باری دارایی حکومەتی ھەرێم چاک بوو، پێوستە سیستەمی پاشەکەوتکردنی موچە نەھێڵێت.
مەلا بەختیار لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، کە پەیامنێری تێیدا ئامادە بوو، ڕایگەیاند لەم دۆخەی ئێستەدا ئەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ چارەسەرکردنی سیستەمی پاشەکەوتکردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم کردوویەتی، کارێکی باشە و دەستخۆشیان لێ دەکەم. بەڵام ئەو بڕە پارەیەی فەرمانبەران قەرزێکە و لای حکومەت ماوەتەوە.
گوتیشی "ھیوادارم باری دارایی حکومەتی ھەرێمی کوردستان چاک بێت، بۆ ئەوەی بەزووترین کات تەواوی سیستەمی پاشەکەوتکردنی موچە کۆتایی پێبھێنرێت".
لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی یەکێتی، ئاماژەی بەوەش دا كە ئەو خەباتە مەدەنییەی ڕووی داوە، خەباتێکی شەرافەتمەندانە بووە، خۆشبەختانە ھاوشێوەی خۆپێشاندانەکانی ڕابردوو نەبووە، کاتێک ھەڵیانکوتایە سەر بارەگای حزبی و حکومی، لە کاتێکدا ئەم خۆپێشاندانەی ئێستە پەنجا ئەوەندەی ئەو کەسانەی پێشتر خۆپێشاندانیان کردووە، بەڵام خەڵکی بەشێوەیەکی مەدەنی داوای مافی خۆی کردووە و ئێستەش بەشێکی مافەکانیان ھاتووەتە دی، بۆیە ھیوادارم ھەموومان بەشیوایەکی ئارامی ئیش بکەین، بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکەین.
ئەمڕۆ چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند لە پێناو بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هەنگاوێکی زۆر باشمان بەرەو کۆتاییهێنان بە پاشەکەوتی مووچە بڕیوە. ئەمە هەمووی نییە، بەڵام دوای ئەو چاکسازییانەی کە ئێستە پڕۆژەکەی لە پەرلەمان هەیە، دەگەینە ئەو ئاستەی بە تەواوی بابەتی پاشەکەوتی مووچە لە هەرێمی کوردستاندا نەهێڵین.
bas news-
